بافڵ جەلال تاڵەبانی: گرفتی خەرجنەکردنی پاڵپشتی دارایی خوێندکاران چارەسەر دەکرێت

بافڵ تاڵەبانی
SNN
بافڵ جەلال تاڵەبانی کە لەسەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە بە دەنگ داواکارییەکانیانەوە چوو، سەبارەت بە کێشەی خەرجنەکردنی پاڵپشتی دارایی خویندکاران بەڵێنیدا لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە پشتیوانی لە خوێندكاران دەكات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكانیان بە شێوەیەكی مەدەنی.
نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڵاویکردەوە، لە سەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكانی خوێندكارانەوە، بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر زوو ھات بەدەنگ داواکاری رەوای خوێندکاران و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشە و كەموكورتییەكانی بەشەناوخۆییەكان و زانكۆكانیدا، لە پێشوودا ئەو بەڵێنانە بوون بە كردار و هەمووان بە چاوی خۆیان بێ جیاوازی كردارەكانیان بینی.
راشیگەیاندوە: دەربارەی پاڵپشتی دارایی حکومەت بۆ خوێندكاران بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڵێنیدا لەڕێی تیمی یەكێتی لە حكومەت فشار دروست بكات تاوەکو خوێندكاران ئەو مافەی خۆیان وەربگرن و پاشان حکومەت بڕیاری پاڵپشتی دارایی خوێندکارانیدا.
ئاماژەی بەوەشکردوە: بەھۆی دواکەوتن و جێبەجێنەکردنی ئەم بڕیارە تا ئێستا، کە بۆتە ھۆی ناڕەزایی لەناو خوێندكاران. بافڵ جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەم پرسە و دووبارە ناڕەزایی خوێندکاران، لە پەیوەندی بەردەوامدایە و ھەموو ھەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی و بەڵێن بە خوێندکارانی ئازیز دەدات کە لەماوەی سێ رۆژی داھاتوودا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت و ئەبێت بەبێ ھیچ ئاستەنگێک پاڵپشتی خوێندکاران خەرجبکرێت لەپێناو وەرگرتنی مافی خوێندكاران و ڕانەگرتنی خوێندن لە زانكۆكاندا.
لە کۆتاییشدا رایگەیاندوە: ئەگەر تاوەكو ئەم چەند رۆژە ئەم گرفتە چارەسەر نەكرا بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی پشتیوانی لە خوێندكاران دەكات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەكانیان بە شێوەیەكی مەدەنی.

