وەزارەتی ناوخۆ نرخی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی گرانكردووە

0
1342

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستیان بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل كرد لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، وابڕیاربوو كە نرخی گۆڕینی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل تەنها 60 هەزار دیناربێت، بەڵام لە ئێستادا نرخی گۆڕینی تابلۆ بۆ 75 هەزار دینار بەرزكروەتەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی ئەو 15 هەزار دینار زیادەوە بدرێت هاوكات نرخی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێلیش لە 105 هەزار دینارەوە بۆ 130 هەزار دینار زیادكراوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN لەكاتی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ جۆری نوێی تابلۆ لە بری ئەوەی بڕی 60 هەزار دینار وەربگیرێت، ئەوا ئەو كەسەی مامەڵەی گۆڕینی تابلۆ دەكات جگە لە 60 هەزار دینار بۆ گۆڕینی تابلۆ ئەوابڕی 10 هەزار دینار بەناوی پشكنین و پێنج هەزار دیناریش بەناوی كارتی زانیاری وەردەگیرێت بەو جۆرەش نرخی گۆڕینی تابلۆ بۆ 75 هەزار دینار بەرزكراوەتەوە، هاوكات نرخی گواستنەوەی خاوەنداری ئۆتۆمبێلیش لە 105 هەزار دینارەوە بۆ 130 هزار دینار بەرزكراوەتەوە، بەجۆرێك كە بڕی 25 هەزار دینار بۆ كۆمپیوتەر زیادكراوە.

بەختیار محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو نرخانەی كە دیاریكراون لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمەوە دیاركراون ئێمەش ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێدەكەین، بۆیە ئەو نرخانەی كە دەستنیشانكراون لە دەستەڵاتی ئێمەدا نین كەم یان زیادیان بكەین ئەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ بۆمان دیاریكراوە ئێمە ئەوە جێبەجێدەكەین.

پێشتر لەكاتی ڕاگەیاندنی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی نوێ‌ وابڕیاردرا كە نرخی گڕینی تابلۆ تەنها بڕی 60 هەزار دینار وەربگیرێت، بەڵام لەئێستادا 75 هەزار دینار وەردەگرێت بەبێ‌ ئەوەی هیچ ڕوونكردنەوەیەك بەهاووڵاتیان بدرێت، بۆ ئەومەبەستەش بۆوەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر هۆكاری گرانكردنی نرخی تابلۆی ئۆتۆمبێل و هەروەها كرێی گواستنەوەی خاوەنداری ئۆتۆمبێل، SNN پەیوەندی بە وتەبێژی هاتووچۆی هەرێم كرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this