وردەكاری پشت گرانبوونی نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان

0
849

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە ئێستادا نرخی كیلۆیەك مریشكی زیندوو نزیك بووتەوە لە چوار هەزار و 500 دینار، لەكاتێكدا پێشتر كیلۆیەك مریشک دووهەزار و 500 دینار بوو، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانیش ئاماژە بەوەدەكات: ئەگەر كیلۆیك مریشك بە پێنج هەزاریش بفرۆشین هێشتا هەر لە زیانداین، بەوردیش هۆكاری گرانبوونی نرخی مریشك بۆ SNN دەخاتەڕوو.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كێڵگە پەلەوەرییەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بەSNNی ڕاگەیاند: بەرز بوونەوەی نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پێشبینی كراوبوو، چونكە پێشتر چەندین جار هۆشداریمان داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەكان بێن بەدەم خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە بەڵام گوێ‌ بە داواكارییەكانمان نەدراوە بەڵكوو بە پێچەوانەوە ئاستەنگ و گرفتی زیاترمان ڕووبەڕوو بووەتەوە، بۆیە ئێستا گەیشتووینەتە دۆخێك كە لەلایەك نرخی مریشك لەسەر هاووڵاتیان زۆر گران بكەوێت لەلایەكی دیكەشەوە خاوەن كیڵگە پەلەوەرییەكان جگە لە زیان سودێكی ئەوتۆیان پێنەگات.

ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەكانی ناو كێڵگە پەلەوەرییەكان هۆكارن بۆ بەرز بوونەوەی نرخی مریشك لەهەمان كاتیشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ( ئابی نیوكاسل دەمبرۆ) كە نەخۆشییەكی تایبەت بە پەلەوەرە، 70% جوجك و مریشك لەسەرتاسەری عیراق لەناوچووە، هاوكات نرخی عەلەف بەرزبووەتەوە بەجۆرێك پێشتر تۆنێك عەلەف بە 410 دۆلار دەمانكڕی بەڵام ئێستا هەمان جۆری عەلەف تۆنێك بۆ 700 دۆلار بەرز بووەتەوە.

سەرۆكی كیڵگەپەلەوەرییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ئەوەشی ڕوونكردەوە: شانبەشانی بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف نرخی یەك تۆن غاز لە 420 هەزار دینارەوە بۆ یەك ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە هاوكات نرخی  لیترێك گازیش لە 400 دینارەوە بۆ 900 دینار بەرز بووتەوە، هەموو ئەمانە وایكردووە كە ئەگەر كیلۆیەك مریشك بدەین بە پێنج هەزار دیناریش، هێشتا هەر ئەو پارەمان دەستناكەوێت كە لەبەخێوكردنی ئەو مریشكانە خەرجمان كردووە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this