كار بۆ هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان دەكرێت

0
412

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو دیداری یەكێتی ئەنجامدراو لە ڕێگەی 14 لیژنەوە چەندین ڕاسپاردە ئاراستەی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی كرا، ئەندامێكی لیژنەی ژنانی دیداری یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی ژنانی دیداری یەكێتی كاردەكەین بۆ هەمواركردنەوەی یاسای روبەروبونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان لە پەرلەمانی كوردستان بە جۆرێك ئەو یاسایە زیاتر لە خزمەتی ژنانی هەرێمی كوردستاندا بێت.

ڕەنگین عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوكات ئەندامی لیژنەی ژنانی دیداری یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی ماوەی زیاد لە 11 ساڵە یاسای رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان دەرچووە و ماوەیەكی زۆرە هەموار نەكراوەتەوە واپێویست دەكات كە جارێكی دیكە ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوە بەجۆرێك كە لەگەڵ بارودۆخ و ژیانی ئێتای خێزان و ژناندا بگونجێت بەتایبەت لە ئێستادا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجا گۆڕانكاری زۆر هاتوونەتە ئاراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە لیژنەی ژنانی دیداری یەكێتی، چەندین ڕاسپاردەی زۆرباشمان ئامادەكردووە و ڕادەستی لیژنەی بالای دیداری یەكێتیمان كردووە بۆ ئەوەی كاریان لەسەر بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان، كە لەئێستادا بە پشتیوانی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسایەك گەڵاڵە كراوە كە پێشنیازی زۆر باشی تێدایە بە ئامانجی فراوانكردنی مەودای پارێزگاریكردن لە ژنان و مافەكانی بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەی توندوتیژیی خێزانی.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لەسەرەتاوە هەڵگری دروشمی مەدەنی و یەكسانی كۆمەڵایەتی بووە كەهەموو ئەم دروشمانە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدان و یەكێتی بەئەركی خۆی دەزانێت لەكاتێكدا ژن كوشتن و توندوتیژی دژی ژنان رووی لە زیاد بونە بەرگرییان لێبكات و ئەم هەمواركردنەوەیەش یەكێكە لەو بەدەنگەوە هاتنانە بۆ پرسی ژنان.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this