“ئەم كابینەیەی حكومەت ناعەدالەتی دەكات لەدابەشكردنی داهات و جێبەجێكردنی پرۆژەی پارێزگاكان”

0
346

SNN-عەلی حەمە سەعید

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات ئەم كابینەیەی حكومەت ناعەدالەتی دەكات لەدابەشكردنی داهات و جێبەجێكردنی پرۆژەی پارێزگاكان لەكاتێكدا داهاتی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی، بەڵام ئەوداهاتە خەڵكی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین وەك پێویست سودیان لێنەبینیوە بەراورد بە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك.

عوسمان سێدەری، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: لەسەرەتای پێكهێنانی ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم وامان چاوەڕواندەكرد كە جیاواز لە كابینەكانی دیكەو بەیەك چاو سەیری هەموو شاروشارۆچكەكانی هەرێم  بكات و بەیەكسانی پرۆژەكان جێبەجێبكات، بەڵام بەداخەوە كەوا دەرنەچوو، بەجۆرێك ئەم كابینەیە زیاتر ڕەنگدانەوەی حزبی بەسەرەوە زاڵە و بەخواستی حزبی كاردەكات ئەوەش سیاسەتێكی هەڵەیە لە حوكمڕانیدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاووڵاتیان بە ئاشكرا هەست بەو نادادییە دەكەن كە حكومەتی هەرێم دژ بە سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین گرتوویەتییە بەر، ئێشمە لەپەرلەمانی كوردستان بەتایبەت فراكسیۆنی یەكێتی چەندینجار لەسەر ئەو نادادییەی لەدابەشكردنی داهات و جێبەجێكردنی پرۆژەی پارێزگاكان هەیە، قسەمان كردوەو پرۆژەمان پێشكەشكردوە، بەڵام بێوەڵام ماوینەتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانم داهاتی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین وەك پێویست سودیان لەو داهاتە نەبینیوە و داهات و پرۆژەكان بەیەكسانی بەسەر پارێزگاكاندا دابەشناكرێن و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پارێزگاكاندا ئەمەش وایكردوە كە هاووڵاتیان متمانەیان بەم كابینەیە نەمێنێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this