بەرزوونزمی نرخی دۆلار و دینار پشێوی لە بازاڕ دروستكردووە

0
1470

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات بەهۆی ئەوەی ئەو كاڵاو خۆراك و شمەكانەی كە لە كۆگاكاندا بوونیان هەیە هی سەردەمی پێش بەرز بوونەوەی نرخی دۆلارن وایكردووە كە نرخی كاڵاو شەمەك بەڕێژەیەكی زۆر بەرز نەبێتەوە جگە لە هەندێك ماددەی خۆراكی وەك هێلكە و گۆشت، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە هەر وا بەردەوام بێت و درێژە بكێشێت بەدڵنیایی نرخی كاڵاو شمەكیش زیاتر بەرز دەبێتەوە.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە SNN-ی ڕاگەیاند: ڕوودانی هەر پشێویەك لە نرخی دۆلار و دینار ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شمەك لە بازاڕەكان، بۆیە لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەی كە بەرزوونزمی لە نرخی دۆلار و دینار هاتووەتە ئاراوە بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی لە نرخەكاندا هەندێك شمەك و خۆراك نرخەكانیان بەرز بووەتەوە بەتایبەت هێلكە و گۆشت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی بانكی بازرگانی ئەوەی ڕاگەیاندووە كە بۆ بازرگانان نرخی دۆلار بەهەرزان دەفرۆشێت و بۆیان دابین دەكات لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خۆراك و كاڵایانەی كە لە كۆگاكاندا ماونەتەوە هی ئەو كاتەن كە نرخی دۆلار بەم شێوەیەی ئێستا بەرز نەبوو، بۆیە هێشتا نرخەكان زۆر بەرز نەبوونەتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە هەر وابەردەوامی هەبیت بەدڵنیاییەوە نرخەكانیش زیاتر بەرز دەبنەوە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەشڵێت: لیژنەكانمان ڕۆژانە سەردانی بازاڕ و ماركێتەكان دەكەن و لە نرخەكان دەكۆڵنەوە، تەنانەت ئەو نرخانەشی كە لە دوكان و ماركێتەكان هەڵواسراون بەراوردیان دەكەین لەگەڵ ئەو نرخانەی كە لای كاشێرەكان تۆماركراوە، ئەگەر هەر جیاوازییەك هەبێت بەدڵنیاییەوە ئەو شوێنە دادەخەین و ڕووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this