نرخى 100 دۆلار داده‌به‌زێت بۆ 135 هه‌زار دینار؟

0
1078

SNN – عەلی حەمە سەعید
له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 12 كاتژمێردا نرخى 100 دۆلار زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دینار دابه‌زیووه‌ و شاره‌زایه‌كى بازاڕى ئاڵوگۆڕیش ده‌ڵێت: “هۆكاره‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زانیارییه‌ك هه‌یه‌ گوایه‌ نرخى دۆلار له‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقدا به‌ 135 هه‌زار دینار جێگیر ده‌كرێت”.

به‌یانى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 7ى شوبات، له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى بازاڕه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراو 100 دۆلار به‌ 161 هه‌زار دینار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا، به‌ڵام له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ پێنج كاتژمێردا نرخه‌كه‌ بۆ 159 هه‌زار دینار دابه‌زى.

له‌باره‌ى ئه‌و دابه‌زینه‌ خێرایه‌ى كه‌ نرخى دۆلار به‌خۆیه‌وه‌ بینى ڕەهەند شێخ عوسمان، شارەزا لە ئاڵوگۆڕی دراوەكان و خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی بە SNNی راگەیاند، “دابەزینی نرخی دۆلار لە شەوی رابردووەوە دەستپێكردووە، بە جۆرێك لە ماوەی كەمتر لە 12 كاتژمێردا هەر 100 دۆلارێك بڕی زیاتر لە پێنج هەزار دینار لە بەهاكەی لەدەستدا، ئەمڕۆش لەكاتی كردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 161 مامەڵەی پێوەدەكرا بەڵام دواتر نرخەكەی بۆ 159 هەزار دینار دابەزی”.

له‌باره‌ى هۆكارى دابه‌زینى خێرایی نرخى دۆلار ئه‌و شاره‌زایه‌ى بوارى ئاڵوگۆڕى دراو وتیشى: “هۆكاری خێرا دابەزینی نرخی دۆلار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەواڵێك دزەی پێكراوە، هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەروەها بانكی ناوەندی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی لە پرۆژە یاسایی بودجەی گشتی عێراق نرخی 100 دۆلار بە 135 هەزار دینار جێگیر بكەن، ئەوەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر نزم بوونەوی نرخی دۆلار”.

به‌ وته‌ى ڕەهەند شێخ عوسمان، “بڕیارە سبەی چوارشەممە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراق كه‌ پارێزگارى بانكى ناوه‌ندیان تێدایه‌ سەردانی ئەمریكا بكەن، لەگەڵ بەرپرسانی بانكی فیدراڵی ئەمریكا كۆببنەوە لەبارەی هەڵگرتنی كۆت و بەندەكانی سەر بانكی ناوەندی و گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ ئاستی ئاسایی خۆیی، بۆیە هەموو ئەمانە وایكردووە بەردەوام نرخی دۆلار روو لە دابەزین بكات”.

ئه‌و شاره‌زایه‌ى بوارى ئاڵوگۆڕى دراو، “پێشبینى ده‌كات ئەمڕۆ 100 دۆلار له‌ بازاڕه‌كانى ئاڵوگۆڕى دراو له‌ هه‌رێم بگاتە 155 هەزار دینار”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this