هۆكاری بەبەرزی مانەوەی نرخی دۆلاربەرامبەربەدینار، پەیوەندی بەوقەرزەوە هەیە لەسەربازرگانان كەڵەكە بووە

0
340

SNN-عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی ماوەی هەفتەیەكە نرخی 100 دۆلاریان بۆ 130 دینار دابەزاندووە و واچاوەڕواندەكرا نرخی دۆلار دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام تا دێت ڕۆژانە نرخی دۆلار زیاتر بەرز دەبێتەوە، بەوتەی وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكەی سلێمانیش هۆكاری بەبەرزی مانەوەی نرخی دۆلار ئەو قەرزە كەڵەکەبووەیە كە لەسەر بازرگانان ماوە.

جەبار گۆڕان، وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: چەند هۆكار هەن كە وادەكەن بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار بەبەرزی بمێنێتەوە و نەیەتە خوار 140 هەزار دینار، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە قەبارەی وەبەرهێنانی دەرەكی لەلایەن بازرگانەكانەوە لەم دو مانگەدا زۆربووە و قەرزێكی زۆر لەسەر بازرگانان كەڵەكەبووە و ئەم بازرگانانە پڕۆپۆزەڵ پێشكەشی بانكی ناوەندی و بانكە بازرگانییەكان دەكەن  بۆ ئەوەی بەنرخی 130 هەزار دینار دۆلاریان پێبدرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی مەرجەكانی بانكی ناوەندی و بانكی بازرگانی، دۆلاریان بۆ خەرجناكرێت بە نرخی فەرمی ئەمەش وادەكات بازرگانان لە بازاڕی ئازاد بۆ قەرزەكانیان دۆلار بكڕن بەنرخێكی بەرز.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان و عێراقیش وڵاتێكی بەكار بەرن و لە %90 ی كاڵاو پێداویستییەكان لەدەرەوە هاوردە دەكرێن، ئەمە وایکردووە كە ئەو خواستەی كە بازرگانان بۆ كڕینی دۆلار لە بازاڕەكان هەیانە قەبارەیەكی گەورەبێت، هاوكات ئەگەر رۆژانە بانكی ناوەندی لەسەروی 100 ملیۆن دۆلاریشەوە دۆلار بخاتەڕوو، ئەوا ناتوانێت پشتیوانی دیناری عێراقی بكات چونكە هێشتا بەشی خواستی بازرگانان ناكات بۆ بەدەستخستنی دۆلار.

وتەبێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا بانكی ناوەندی عێراق رێژەی خستنەڕوی دۆلاری بە كاش زۆر كەمكردوەتەوە، ئەوەش وایكردووە كە نەتواندرێت خواستی بازاڕەكان بۆ خستنەڕووی دۆلار پڕبكرێتەوە دواجار ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی قەبارەی قەرزی دەرەكی لەلایەن بازرگانەكانەوە زۆر كەڵەكە ببێت و زۆربەی بازرگانەكانیش بۆ بەدەستهێنانی دۆلار ڕووبكەنە بازاڕی ئازاد.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this