” هەتا حكومەتی هەرێم ماوە ناتوانێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە”

0
320

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ئاماژە بەوەدەكات هەتا حكومەتی هەرێم ماوە ناتوانێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە چونكە ئەو وەزارەتە لەبەرژەوەندی حزب و چەند كەسێكی ناو حزب كارەكانی جێبەجێدەكات و هێندەی سودی بەكۆمپانیا بیانییەكان گەیاندووە هێندە سودی بە هاووڵاتیانی هەرێم نەگەیاندووە، بەجۆرێك تەنها لەساڵی ڕابردوودا كۆمپانیای داناغاز 182 ملیۆن دۆلارلە كەرتی وزەی هەرێم قازانجی كردووە

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە SNNی ڕاگەیاند: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كە لە ئێستادا بە بێ‌ وەزیر ماوەتەوە و ئەو حزبەشی كە خۆی بە خاوەنی ئەو وەزارەتە دەزانێت ئامادەنییە وەزیر بۆ ئەو وەزارەتە دابنێت، لەوەشدا مەبەستی تایبەتی خۆی هەیە و بەرژەوەنییان وادەخوازێت ئەو وەزارەتە بێ‌ وەزیر بمێنێتەوە، چونكە پێشتریش كە ( ئاشتی هەورامی) وەزیر بوو سەرجەم كاروبارەكانی ئەو وەزارەتە لە فلاش میمۆری و جانتاكەی ئەو وەزیرەدا كۆكرابوونەوە

ئاماژەی بەوەشكرد، هەتا حكومەتی هەرێم ماوە ناتوانێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەرپێ‌ بخات و بیخاتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، چونكە تا ئەوكاتەی بڕی نەوتی بەرهەمهێندرا و داهاتی فرۆشتنی نەوت و گرێبەستە 50 ساڵی و 20 ساڵییەكانی لەگەڵ توركیا و كۆمپانیا بیانییەكان كراون و فرۆشتنی نەوت بە كۆمپانیاكان شەفاف نەكرێن ئەو وەزارەتە ناتوانێت بە ئەركی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت، چونكە لەلایەن حزبەوە دەستوەردان لە كاروباری ئەو وەزارەتە دەكرێت هەر ئەوەش وایكرد وەزیرەكەی لەم كابینەیەدا دەستلەكار بكێشێتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە كە كەرتی نەوت هێندەی سودی بە كۆمپانیا بیانییەكان گەیاندووە هێندە سودی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم نەبووە، بەجۆرێك تەنها لە ساڵی ڕابردوودا كۆمپانیای داناغازی ئیمارانی بە بەڕی 182 ملیۆن دۆلار، قازانی لە كەرتی وزەی هەرێمی كوردستان كردووە بەڵام حكومەتی هەرێم بەرمیلێك نەوت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕەوا نابینێت بە خۆڕایی دابەشی بكات بەسەر هاووڵاتیاندا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this