نوێترین زانیاری لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەدوای بڕیارەكەی دادگای پاریس

0
1059

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس سكاڵایەكی لە بەرژەوەندی حكومەتی عیراقی یەكلایی كردەوە و بووەهۆی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، لەئێستادا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم پرسیار لەبارەی چارەنووسی مووچەكانیان دەكەن لەمانگەكانی داهاتوودا، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایش جەخت دەكاتەوە پێش جەژنی رەمەزان مووچەیەكی دیكە دابەشدەكرێت، بەڵام چارەنووسێكی نادیارچاوەڕێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات لە مانگەكانی داهاتوودا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی وەزارەتی دارایی بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، بەهۆی ئەو 400 ملیار دینارەی كە لە لایەن عێراقەوە نێردراوە و هەروەها داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەكان و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم تا 25ی ئەم مانگە، هیچ گرفتێك بۆ مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران دروست نابێت و پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان مووچەیەكی دیكە دابەشدەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەفتەی پێشوو لە لایەن گەنجینەكانەوە ئامادەكاری كراوە بۆ ئەوەی لەدوای كۆتایی هاتن بە دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەت و دەستەكان لیستی مووچەیان ئامادەكردووە و وردبینی لیستەكانیش كراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازار گرفتی سەرەكی بۆ مووچەی مانگی نیسان و مانگەكانی دیكەی فەرمانبەران دروست دەبێت، چونكە لەلایەك هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسەند نەكراوە تا پشكی هەرێم ڕەوانە بكرێت، لەلایەكی دیكەشەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە كە لە %80 ی پارەی مووچەی فەرمانبەران لە فرۆشتنی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بۆیە ئەگەر گرفتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم چارەسەر نەكرێت و هەروەها بە خێرایی پرۆژە یاسای بودجە پەسەند نەكرێت، ئەوا چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this