” دەركەوت لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا پارتی تەنها كاتی كوشتووە و نەیویستووە هەڵبژاردن بكرێت”

0
448

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەودەكات لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا پارتی تەنها كاتی كوشتووە و ئێستا كە هەموو لایەك ئامادەین بۆ هەڵبژاردن بەڵام پارتی نایەوێت هەڵبژاردن بكرێت.

زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بەرلە هەشت مانگ كە یەكەم كۆبوونەوەمان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی ئەنجامدا لەبارەی ئەنجامدانی پرسی هەڵبژاردن، هەر لەوكاتەوە ئێمە پێشنیار و داواكاری خۆمانمان بە ڕوونی بۆ لایەنی پارتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان خستووەتە ڕوو هیچ شتێكی شارەوامان نەبووە و هیچ داواكارییەكی تایبەتیشمان نەبووە، بەلام تا ئێستا پارتی ئامادە نەبووە هیچ پێشنیارێک لەبارەی ئەنجامدانی هەلبژاردن بخاتەڕوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بووەتە گرفت لای پارتی 11 كورسیەكەی كۆتای پێكهاتەكانە، لەو بارەیەوە ئێمە پێشنیاری خۆمان خستووەتە ڕوو، نەتەوەیەكگرتووەكانیش پێشنیاری خۆیان خستووەتە ڕوو تەنانەت پێكهاتەكانیش پێشنیاری خۆیان خستووەتە ڕوو، بەڵام تەنها پارتییە هیچ پێشنیارێكی نییە و دەیەوێت هەر 11 كورسییەكە بۆخۆی بێت، بەڵام ئەگەر ئێمەش ڕازی بێن ئەوا بەشێك لە پێكهاتەكان بەو داواكارییەی پارتی ڕازی نابن، بۆیە دەركەوت كە لەماوەی ئەم هەشت مانگە پارتی تەنها كاتی كوشتووە و نایەوێت هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە، پارتی نایەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە و لەكاتێكدا ئێمە و یەكگرتوو كۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ پرۆژەیاسای خۆمانمان هەبووە لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بەڵام پارتی لەوەشدا ئامادە نییە بێتە پێشەوە و دەیەوێت بەهەر نرخێك بێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدرێت و لەبەرامبەریشدا یەكێتی تۆمەباربكات، بەڵام هاووڵاتیان بەرچاویان ڕوونە و دەزانن چ لایەنێك ئامادەی هەڵبژاردن نییە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this