هەواڵ
حزبی دیموكرات وەڵامی هەرێم دەداتەوە.. مافی خۆمانە چالاكی ئەنجامبدەین
حزبی دیموكرات (حدك)، وەڵامی ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم لەبارەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لەلایەن ئێرانەوە دەداتەوەو ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش ڕەتیدەكاتەوە بەهانەیان دابێتە ئێران تا تۆپبارانی ناوچە سنورییەكان بكات، ڕاشیدەگەیەنێت: "زیاتر لە 25 ساڵە ڕەچاوی دۆخی هەرێم دەكەین".

عومەر باڵەكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان (حدك)، بە SNNی ڕاگەیاند: هیچ پێشمەرگەیەكی ئێمە لەپیرانشارو هیچ ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژهەڵات، چالاكی و جموجۆڵی نەكردووە، ئەگەر كارێكی لەو جۆرەش ئەنجامبدەین، بەمافی خۆمانی دەزانین، چونكە شوێنی چالاكییەكانمان ڕۆژهەڵاتی كوردستانە.

لەڕاگەیەندراوێكدا حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "ڕۆژی 9ی 7ی 2019 لەناوچەی پیرانشاری سنوری لەگەڵ هەرێم، هێرشێكی چەكداری كرایە سەر چەند ئەندامێكی سوپای پاسداران، لە بەرامبەردا كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوچە سنوورییەكانی ناوخاكی هەرێمی كوردستانی بۆردومان كرد".

لەوەڵامدا عومەر باڵەكی دەڵێت: ئەو چالاكییانەی كراون، تەقینەوەی ڕق و توڕەیی خەڵكە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران، كە پەنگیان خواردۆتەوە".

سەبارەت بەبەهانەدان بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی حدك ئاشكرایكرد: "كۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی بەبەهانە نییە، ماوەی 40 ساڵە دوژمنایەتی كورد دەكات، ئێستا جیاوازی لەنێوان كوردی ڕۆژهەڵات و باشورو ناوچەكانی دیكەش ناكات، تۆپبارانی ناوچە سنورییەكانیش پاساو نییە بۆئەوەی ئەندامێكی پاسداران كوژراوە".

عومەر باڵەكی ئەوەشی وت:" ئێمە زیاتر لە 25 ساڵە ڕەچاوی دۆخی هەرێم دەكەین، چونكە دەزانین سنورێكی دوورو درێژی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیەو هەموو هەوڵێكیشمان بەو ئاراستەیە بوو كە كێشەو گرفت بۆ هەرێم دروست نەكەین".


SNN:

ڕەنج تاڵیب

 هەفتە پێشتر - Jul 11 2019 7:35PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.