هەواڵ
هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر سلێمانی‌ ئاشكراده‌كرێت..زۆر مه‌ترسیداره‌
به‌گوێره‌ی‌ دوا ڕاپۆرتی‌ ڕێكخراوێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌، هه‌وای‌ كوردستان پیسه‌و زۆریش مه‌ترسیداره‌ بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ، ده‌سته‌ی‌ پاراستن و چاكردنی‌ ژینگه‌ش پلانێكی‌ نوێ بۆ ڕێگریكردن له‌به‌كارهێنانی‌ عه‌لاگه‌و موادی‌ پلاستیكی‌ ده‌گرێته‌به‌ر، وته‌بێژی‌ ده‌سته‌كه‌ش چه‌ند زانیاریه‌كی‌ گرنگ ئاشكراده‌كات، ده‌شڵێت:"خۆڵ و خاشاكه‌كه‌ی‌ تانجه‌رۆ بۆسه‌ر سلێمانی‌ و ته‌ندروستی‌ مرۆڤ مه‌ترسیداره‌"، هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ی‌ چه‌ند نه‌خۆشیه‌كی‌ مه‌ترسیدار له‌سه‌ر سلێمانی‌ ئاشكراده‌كرێت.

ساڵی‌ ڕابردوو ڕێكخراوی‌ (گرین پیس) كه‌ ڕێكخراوێكی‌ ئه‌وروپیه‌و له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان كار له‌سه‌ر ژینگه‌ ده‌كات،  توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ بۆ هه‌وای‌ شاره‌كانی‌ عیراق له‌ڕێگه‌ی‌ مانگی‌ ده‌ستكرده‌وه‌ ئه‌نجامدا، له‌ئه‌نجامدا ده‌ركه‌وت شاری‌ به‌غدای‌ پایته‌ختی‌ عیراق و شاری‌ هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌واكه‌یان پیسه‌".

هه‌ندرێن شێخ ڕاغب وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاكردنی ژینگه‌ی هه‌رێم به‌SNNی ڕاگه‌یه‌ند، "بۆ خزمه‌تكردن به‌هه‌واو ژینگه‌ی‌ كوردستان  پڕۆژه‌یه‌كمان له‌ڕۆژی‌ ژینگه‌ی‌ كوردستان ڕاگه‌یاند، چونكه‌ هه‌وای‌ كوردستان به‌گوێره‌ی‌ ڕێكخراوی‌ گرین پیسی‌ جیهانی‌ كه‌ ساڵی‌ ڕابردوو ڕایگه‌یاندوه‌، پیسه‌و زۆریش مه‌ترسیداره‌ بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ".

وتیشی‌:"بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ مه‌ترسه‌كانی‌ هه‌وا وه‌ك ده‌سته‌ی‌ ژینگه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌كردوه‌، ئێستا له‌قۆناغی‌ كۆتایدایه‌، بڕیاردراوه‌ كاری‌ له‌سه‌ربكه‌ین و نوسراومان بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش كردوه‌و ڕه‌زامه‌ندیمان وه‌رگرتوه‌ كه‌ وێستگه‌ی‌ هه‌واو ئه‌وه‌ی‌ كار له‌سه‌ر پاكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واو پشكنین ده‌كات دابمه‌زرێنن بۆ ساڵی‌ داهاتوو".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، "چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ساڵی‌ داهاتودا له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و وێستگه‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ڕێگریكردن له‌هه‌وای‌ پیس و خراپبونی‌ هه‌وا بدۆزرێته‌وه‌،  جگه‌له‌وه‌ش له‌پلانیاندایه‌ كیسی‌ پلاستیكی‌ و ئه‌و عه‌لاگه‌یه‌ی‌ ڕۆژانه‌ به‌كارده‌هێنرێت تاساڵی‌ 2024 به‌ته‌واوی‌  نه‌هێڵن و له‌كوردستان قه‌ده‌غه‌ی‌ بكه‌ن، چونكه‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "له‌به‌رمبه‌ردا دۆستی‌ ژینگه‌ جێگره‌وه‌ی‌ ده‌بێت، كیسی‌ كاغه‌ز یان ڕوه‌كی‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌به‌شێكی‌ نانه‌واخانه‌كان كیسی‌ كاغه‌ز به‌كارده‌هێنن".

له‌باره‌ی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و خۆڵ و خاشاكه‌ زۆره‌ی‌ تانجه‌رۆو مه‌ترسیه‌كانی‌ بۆسه‌ر ژینگه‌ی‌ هه‌رێم و ته‌ندروستی‌ وتی‌:"ئێمه‌ هه‌وڵی‌ زۆرمانداوه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی‌ ژینگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌، به‌نوسراوی‌ فه‌رمیش ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانمان ئاگاداركردۆته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ش تیمێكی‌ تایبه‌تیان به‌مه‌یدانی‌ سه‌ردانی‌ تانجه‌رۆیان كردوه‌، ڕاپۆرتی‌ خۆیان ئاماده‌كردوه‌و به‌لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدار دراوه‌، تائێستا وه‌ڵامێكیان نه‌داوه‌ته‌وه‌".

به‌وته‌ی‌ وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و چاكردنی ژینگه‌ی هه‌رێم، "له‌ئه‌گه‌ری‌ به‌رده‌وامی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ ئێستا له‌تانجه‌رۆی‌ سلێمانی‌ هه‌یه‌، به‌پشتبه‌ستن به‌زانیاریه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و لایه‌نی‌ په‌یوه‌ندیدارو ئه‌و به‌دواداچونانه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ ژینگه‌ مه‌ترسیه‌كی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر ژینگه‌و ته‌ندروستی‌ مرڤ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌و گه‌شه‌ی‌ منداڵ و ئیفلیجی‌ منداڵان".


SNN:

شادان حه‌سه‌ن

 هەفتە پێشتر - Jul 12 2019 5:34PM
Print Friendly and PDF

بابەتی زیاتر
زۆرترین بینراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ
نرخە جیهانیەکان
بۆ بەئاگابوون لە دواین زانیاریەکان
   
Tel: (+53) 320 0475
© Copyright 2018 SNN. All Rights Reserved.