یەکێتی مامۆستایان: کەس ناتوانێت بەهۆی بایکۆتەوە سزای مامۆستایان بدات

0
492
مامۆستایانی ناڕازی

SNN-

جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان رایگەیاند، مامۆستایان ئازادن لەوەی بایکۆت بکەن یاخود نا و کەسیش ناتوانێت سزایان بدات، چونکە ئەو مامۆستایانە داوای مافی خۆیان دەکەن و داواش دەکات هەموو چین و تویژەکانی دیکە لەگەڵیان هاودەنگ بن و بایکۆت رابگەیەنن.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بە SNN-ی راگەیاند، زۆرێک لە مامۆستایان پارەیان پێ نییە و نەیانتوانیوە پێداویستی بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن هیچ هیوایەکیش نیە حکومەت زۆر خەمساردانە لەم بابەتەدا مامەڵە دەکات، و زۆربەی زۆری مامۆستایانی سنوری هەڵەبجە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندنیان کردووە ئەمە بایکۆتێکی خۆڕسکانەو ناچارانەیە کە حکومەت بەرپرسیارە لێی، چونکە پارەی هەیە و دەیتوانی مووچەی مانگی 7 دابەشبکات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە وەزیری پەروەردە وتی بایکۆت چارەسەری بارودۆخەکە ناکات دەبێت مامۆستایان دەوام بکەن ئێمەش وەک بەغدا چاوەڕێی مووچەین وتی: ئێمەش دەزانین بایکۆت چارەسەر نییە هەرچی مامۆستایە بایکۆت دەکات بە نابەدڵی دەیکات، بەڵام ئەمە حکومەتی هەرێمە کە خەمسارد و بێباکە لە چاکسازییەکانیدا لە ساڵی 2014-ەوە بە فەرمی دامەزراندنی ڕاگرتوە و هەزارەها کەسی لە دامەزراندن بێبەش کردووە، بەڵام بە نایاسایی زیاتر لە 40 هەزار کەسی دامەزراندووە.

“بۆیە مامۆستایان ئەگەر بایکۆت و خۆپیشاندانیش بکەن پشتگیریان دەکەین مافی خۆیانە، پەروەردەش ناتوانێت سزای ئەو هەموو مامۆستایانە بدات، چونکە حکومەت لەجیاتی ئەوەی بیر لە چاککردنی بارودۆخەکە بکاتەوە ناتوانێت سزایان بدات ئەگەر واش بکات کارێکی هەڵەیە” جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان وادەڵێت.

راشیگەیاند، بەڕێوەبەر و مامۆستاش هەر کەسێکیان ئازادن کە چۆن بڕیار دەدەن دەوام بکەن یاخود نا، بۆیە نە کەس بە زۆر دەنێردرێتە دەوام نە کەسیش بە زۆر بایکۆتی پێدەکرێت، ئەوەشی کە گرنگە خەڵک داوای مافی خۆی دەکات ئەو مافەش دابینکردنی لە ئەستۆی حکومەتە، چونکە نە بەرپرسەکان و نە کوڕی بەرپرسەکانیش هیچ وەزعیان نەگۆڕاوەو ئەوان بە هیچ شێوەیەک ئاگایان لە وەزعی خەڵک نییە، بۆیە دەڵێن دەوام بکەن بە گیرفانی بەتاڵ.

“مامۆستایانەی پێیان وایە بایکۆت بەشێکە لە فشار پێویستە حکومەتی هەرێم خەمێکیان بۆ بخوات بۆ هەموو چین و توێژەکان نەک کۆمەڵگە، چونکە تەنها مامۆستایان نین دۆخیان خراپ بێت و زەررمەندبن، هەموو فەرمانبەران و مامۆستایان و کاسبکارانی بازاڕیش بارودۆخیان خراپە، واتە هەموو کۆمەڵگای گرتووەتەوە ئەم بارودۆخە، حکومەتی هەرێمیش فەرمانبەران و مووچەخۆران بەکاردەهێنێت بۆ فشار لەسەر حکومەتی عێراق”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this