غەززە و رۆژئاوای کوردستان.. لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان لە نێوان پرسە ئایینی و نەتەوەییەکاندا
SNN
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، لە رۆژئاوای کوردستانیش هێرش و بۆردومانەکانەکانی تورکیا بە چڕی بەردەوام بوون، بەڵام رەخنەی ئەوە لە لایەنە ئیسلامییەکانی هەرێم دەگیرێت کە ئەگەرچی بەرامبەر دۆخی غەزە هەڵوێست و هاوسۆزی زۆریان هەیە، کەچی هێندە پەرۆشی چارەنووسی هاونەتەوەکانیان لە رۆژئاوا نین و ئاوڕی لێنادەنەوە.
دەپرسرێت ئاخۆ مزگەوتێک لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور کە لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کرا، چ جیاوازییەکی لەگەڵ مزگەوتێک لە غەززە هەیە؟ ئایا رۆژئاوا کە ژێرخانی ئابووریەکە و هاووڵاتیە مەدەنیەکانی دەکرێنە ئامانج جیاوازە لە غەززە و هاوووڵاتیانی هەیە؟
چ ئەرکێک دەکەوێتە ئەستۆی حزبە ئیسلامییەکان بۆ ئەوەی هانی لایەنگرانیان بدەن بە یەک مەودا پەرۆشی بابەتە ئایینی و نەتەوەییەکان بن؟
لەم گفتوگۆ تایبەتەدا ئەمانە و چەند پرسێکی تر لەگەڵ هەر یەک لە ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی و عومەر گوڵپی ئەندامی هەمان خولی پەرلەمان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری تاوتوێ دەکەین.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی شەڕی غەزە شەقامی کوردی کردووە بە دووبەش و هەروەها ئەوەی بۆچی لایەنە ئیسلامیەکان لە بری پرسە نەتەوەییەکان، زیاتر لە لە پرسە ئایینیەکاندا هەڵوێستیان هەیە، ئەبوبەکر هەڵەدنی وتی: “بەداخەوە وەک هەموو شتەکانی تر لە پرسی فەلەستین و غەزەش کۆمەڵگای کوردستانی دابەش بووە و هەمیشە ئەم ڕەخنەیە چۆن لە لایەنە ئیسلامییەکان هەیە، کە بۆ پرسە نەتەوەییەکان بەو گەرمی و پەرۆشییەوە قسە ناکەن، بۆ رۆبۆسکی، بۆ باکوور، بۆ ئەو هەموو تیرۆرەی کە لە ڕێگەی بۆردوومانەکانی تورکیاوە دەکرێت یان ئەو هەموو کۆڵبەرەی بە دەستی ئێران دەکوژرێن، بە هەمان شێوە چەپەکان و عیلمانیەکانیش لە ڕاستیدا بۆ پرسێکی وەکوو ئەوەی کە مسوڵمان لەسەر ناسنامەی دینی دەچەوسێندرێتەوە وەکوو بۆرما و فەلەستین کە دۆزی گەلێکە کە خاکەکەی داگیر کراوە و دۆز گەلێکی ستەملێکراوە، بەداخەوە عیلمانییەکانیش بە هەمان شێوە بێهەڵوێستن، واتا ئەگەر پرسەکە، پرسێکی ئیسلامی بێت، عیلمانییەکان بێ دەنگن و شاگەشکە دەبن و ئەگەر دۆزەکە پرسێکی نەتەوەیی بێت ئیسلامییەکان لە ئاستی پێویستدا دەنگ هەڵنابڕن و زۆر جار لە ڕوانگەی ئایدئۆلۆژییەوە سەیری پرسەکە دەکەن. بۆ نموونە لە ڕۆژئاوا و لە باکوور، کە ئەمە هەر دوو بەرەکە هەڵەیە”.
حزبەکانی فەلەستین لە ڕابردوودا هاوپەیمانی هێز و حزبە کوردستانییەکان بوون
باسی لەوەسکرد: ئەوەی پەیوەندیدارە بە فەلەستینیشەوە بەڕاستی گەلی فەلەستین گەلێکی ستەملێکراوە. حزبەکانی فەلەستین لە ڕابردوودا هاوپەیمانی هێز و حزبە کوردستانییەکان بوون و لە چەندین سەنگەری یەکدا دەیان پێشمەرگە کە هەندێکیان شەهید و هەندێکیان لە ژیاندا ماون بە تایبەتی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی لە ڕێگەی حزبەکانی فەلەستینەوە لەسەر چەکە جۆراجۆرەکان مەشق و ڕاهێنانیان کردووە و هەندێکیان لە ڕێگەی دیپلۆماسی گەیشتوون بە ئەورۆپا و هەندێک ناوەندی بڕیاریش و هەندێک لە ڕێکخراوەکانیش سوودیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوە فەلەستینییەکان بینیوە.
دەبێت ئێمە بە پێی بنەمای ” الأقربون أولى بالمعروف” چاکە و پەرۆشیمان بۆ نزیکەکانی خۆمان بێت
سەبارەت بەوەی چۆن حاڵەتی نەبوونی هەڵوێستی هاوسەنگ بەرامبەر بە پرسە نەتەوەیی و ئایینیەکان، سەر ڕاست بکرێتەوە، ئەبوبەکر هەڵەدنی وتی: “خۆی دەبێت ئێمە هەڵوێست بەرامبەر کردەوەکە بگرین، واتا ئەگەر بینیمان ستەمێک هەیە، دژی ستەمکار بوەستینەوە، هەر کەسێک بێت، مسوڵمانێک ستەم بکات یاخۆد بێ دینێک ستەم بکات و ستەملێکراویش هەر کەسێک بێت ئێمە دەبێت لەسەر ستەملێکراو بکەینەوە، بەڵام گەل و نەتەوەی خۆمان لە پێشترە و لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەدەست چوار داگیرکەر و چوار دەوڵەتەوە دەناڵێنێت و دەبێت ئێمە بە پێی بنەمای ” الأقربون أولى بالمعروف” چاکە و پەرۆشیمان بۆ نزیکەکانی خۆمان بێت. گەل و نەتەوەی خۆمانمان خۆش بوێت و لەگەڵیدا بین، بەڵام هەر نەتەوەیەکی ستەملێکراویش لەسەر گۆی زەوی هەبێت وەکوو گەلی فەلەستین دەبێت ئێمە هاوسۆز و پاڵپشت و پشتیوانیان بین، چوونکە ئێمە گەلێکین ستەممان بینیووە و تاڵاوی داگیرکاری و ستەملێکردنمان زۆر چێشتووە، ئاوارەیی، هەموو ئەم ستەم، جینۆساید، ئەنفال و کیمیابارانەی بەدەست شۆڤێنییەکان لەم بەشە و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەسەرمان هاتووە، دەبێت پاڵنەرمان بێت بۆ ئەوەی لە نەهامەتی و دۆخی سەختی گەلانی ستەملێکراو تێبگەین.
بەداخەوە زۆر جار حزبە ئیسلامییەکانیش ئایدئۆلۆژیا هەڵدەبژێرن
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکگرتوو پێی وایە لە هەموو پرسەکاندا دەبێت بە دوور لە چاویلکەی ئایدۆلۆژیا لێی بڕوانرێت و وتی، “ئێمە وەک چۆن فرمێسک هەڵدەڕێژین بۆ منداڵێکی فەلەستینی بە ناوی “محەمەد دووڕا” دەبێت فرمێسکەکانمان چەند قات بێت بۆ “محەمەد و ئەحمەد” کۆڕەکانی “عومەری خاوەر”، بۆ ئەو خانەوادانەی کە لە کورتەک، بناری قەندیل، ئاغجەلەر، چنارۆک و ناوچەکانی دیکە رۆڵەکانی کورد بەدەست داگیرکەرانی کوردستان شەهید دەبن یان کۆڵبەرێک لە چیاکانی هەورامان شەهید دەبێت. ئەمە بۆ؟ بەڕای من ئەمە زاڵکردنی ئایدئۆلۆژیایە بەسەر شتەکانی دیکەدا، واتە بەداخەوە زۆر جار حزبە ئیسلامییەکانیش ئایدئۆلۆژیا هەڵدەبژێرن، سەیری ناسنامەی ئایدئۆلۆژیای ئەو حزبە دەکەن، بۆ نموونە گەریلایەک یان شەڕڤانێکی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێت ئەوان بڕوانن ئەم گەریلا و شەڕڤانە چەکی کردووەتە شان بۆ هەڵگرتنی ستەمی سەر نەتەوەکەی، بۆ ئەو سیاسەتی نکۆڵی لێکردنە کە ڕووبەڕیان دەبێتەوە، سەیری شۆناس و ناسنامەکەی نەکەن، کە هەڵگری ئایدیایەکی چەپە یان لیبڕاڵە یان سۆشیاڵ دیموکراتە، سەیری خەباتەکەی بکەن، خەباتەکە ڕەوایە یان ڕەوا نییە؟ ڕەوایەتی خەباتەکە لە ڕاستیدا دەبێت لەبەرچاو بگرین. نەک ئەوەی چ ئایدئۆلۆژیایەکی هەیە، پێمان خۆشە کە لە ڕووی ئایدئۆلۆژیاوە هاوفکرمان بن، بەڵام ئەگەر هەڵگری خەباتەکە لە ئایدئۆلۆژیاشدا لە ئێمە جیاواز بوو، دەبێت ئێمە هەر هاوسۆز، پاڵپشت و پشتیوان بین، چوونکە جەوهەری هەموو دینەکان ڕەتکردنەوە زوڵم و ستەمە و بەرقەرارکردنی دادپەروەرییە”.
ئەیانەوێت ئێمە لەسەر کێشەی ڕەوای گەلانی تری مسوڵمان هیچ نەڵێین
لای خۆیەوە عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەڵی دادگەری وتی: لە ڕاستیدا ئێمە بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین لە کێشەی میللەتەکەمان لە باکور یان ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات، بەڵام بەداخەوە ئەوە خەڵکانێکن کە هەمیشە ئەیانەوێت ئێمە لەسەر کێشەی ڕەوای گەلانی تری مسوڵمان هیچ نەڵێین، بەتایبەت کێشەیەکی ڕەوای وەک کێشەی فەلەستین کە هەموو دونیا قسەی لەسەر دەکات.سەبارەت بەوەی بۆچی ئێمە هاوسۆزی کێشەی فەلەستینین؟ لە ڕاستیدا ئەوە پرسیارێکی زیادەیە، چونکە هەر کەس ویژدانی کەمێک زیندوو بێت دەزانێت کە کێشەی فەلەستین کێشەیەکی ڕەوایە، بەرلەوەی کێشەی ئاینیش بێت کێشەی ستەمکارو ستەملێکراوە، کێشەی داگیرکردنی زەوییە لەلایەن هێزێکی پڕ چەکەوە کە وڵاتانی زلهێز پشتگیریی دەکەن لە بەرانبەر گەلێکی بێ کەسی بێ دەوڵەتی لاوازی بێ چەک.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەشپرسێت: “باشە بەر لەوەی لە منی کورد بپرسن کە تۆی ئیسلامی چ پەیوەندییەکت بە فەلەستینەوە هەیە، بۆ ناپرسن سەرۆک و حکومەتی وڵاتانی وەک ئەمریکاو فەڕەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیاو زۆر وڵاتی تری ڕۆژئاوایی چ پەیوەندییەکیان بە ئیسڕائیلەوە هەیە؟ “.
زۆر شت ئێمە بە گەلی فەلەستینەوە دەبەستێتەوە
لەبارەی پاڵنەرەکان بۆ داکۆکی لە پرسی فەلەستین عومەر گوڵپی وتی: بێگومان زۆر شت ئێمە بە گەلی فەلەستینەوە دەبەستێتەوە، هەستی ستەملێکراوی، بیروباوەڕو مسوڵمانێتی، بوونی قودس وەک یەکەم قیبلەی مسوڵمانان، مێژووی پڕ شانازی سەرکردە سەڵاحەدینی باپیرە گەورەمان، ئەو چوار ڕایەڵەن کە کوردێک بە فەلەستین و دۆزە ڕەواکەیەوە دەبەستنەوە.
هەروەک وتیشی: “ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین ناکرێت چاوی خۆمان لە ڕووداوەکانی چواردەورمان داخەین، کەواتە کاتێک کە چاو دەکەینەوەو شەڕێکی وا گەورەو بێڕەحمانە دەبینین، ئێمەی کورد دەبێت لەگەڵ کێ بین؟ قەوارەی سەهیۆنی داگیرکەری بکوژی ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان، یان فەلەستینیەکی ستەملێکراوی زەوی داگیرکراو؟”
ئەوەی لەپارچەکانی تر بەرامبەر بە کورد دەکرێت، جینۆسایدە و هەمان ستەمە لە گەلی فەلەستین دەکرێت
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کۆمەڵی دادگەری جەختی لە هەڵوێستی حزبەکەی بەرامبەر بە پرسی کورد لە پارچەکانی دیکە کرد و وتی: “بێگومان ئەوەی تورکیاو ئێران و سوریا دەیکەن لە نەسەلماندنی مافی نەتەوەیی کوردو گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی بۆ کوشتن و سەرکوتکردنی گەلەکەمان، جینۆسایدە و هەمان ستەمە لە گەلی فەلەستین دەکرێت، ئەمەشمان سەلماندووە لە ئەدەبیاتماندا”.
لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەکرد، کە پێشتر گلەیی لە جیهان هەبووە کە هاوسۆزی و پاڵپشتی لە دۆزەکەی ناکرێت، بۆیە ئێستا کە دەرفەتی هەیە دەبێت هاوسۆزی ستەملێکراوان بێت و وتی: “پاشان بۆ خراپە لەم کاتەی گەلی فەلەستین ئەو ستەمە گەورەی لێدەکرێت هاوسۆزیان بین؟ مەگەر ئێمە گلەیی لە هەموو جیهان ناکەین کە بۆچی کاتێک کورد ئەنفال دەکراو کیمیاییباران دەکرا بێدەنگ بوون؟ ئایا دەکرێت ئێمەش کە ئێستە ئەتوانین و دەرفەت هەیە تەعبیر لە ڕای خۆمان بکەین بێدەنگ بین لەو ستەمەی کە لە خەڵکی غەززە دەکرێت؟”.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
2 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
2 hours لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
23 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
2 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
2 hours لهمهوپێش


