بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لیژنەیەكی تایبەت بە كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە پێكدەهێندرێت

0
427

SNN-عەلی حەمەسەعید

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەبەوەدەكات بە هەوڵی فراكسیۆنەکەیان بەسەرپەرشتی بریكاری وەزارەتی دەرەوە لیژنەیەكی تایبەت بە كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە پێكدەهێندرێت وسەردانی ئێران دەكەن و بەدواداچونی جددی بۆ كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە دەكەن كە ژمارەیان 120 منداڵن.

چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: بە هەوڵی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەك پێكدەهێندرێت بەسەرپەرشتی بریكاری وەزارەتی دەرەوە تایبەت بە كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە كە ژمارەیان 120 منداڵی ونبووە، تا ئێستا لە وڵاتی ئێرانن و نەگەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە پێكدێت لە عومەر بەرزنجی بریكاری وەزارەتی دەرەوە و هەروەها نوێنەری پارێزگای هەڵەبجە و نوێنەرێكی منداڵە ونبووەكان و بۆخۆشم وەك نوێنەری پەرلەمانی عێراق لەگەڵ لیژنەكە دەبین و سەردانێكی مەیدانی نەخۆشخانەكانی ئێران دەكەین بەتایبەت ئەو نەخۆشخانانەی كە پاش كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، منداڵە ونبووەكانی تێدابووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەجدی هاوكاری و پشتیوانی خۆی بۆ كەیسی منداڵە ونبووكانی هەڵەبجە خستووەتەڕوو، بۆیە ئەو لیژنەیە كاری جدی دەكەن بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی ئەو منداڵە ونبووانەی هەڵەبجە كە تائێستا چارەنوسیان نادیارە.

دوای كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە جگە لە شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزارهاووڵاتی و ئاوارەبوونی دانیشتوانی شاری هەڵەبجە و بووەهۆی ونبوونی سەدان منداڵی ئەو شارە كە تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە ناو كەسوكاری خۆیان.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this