هۆكارەكانی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لە SNNەوە بزانە

0
696

SNN-عەلی حەمە سەعید
نرخی دۆلار ئەمرۆ لە بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و 100 دۆلار بۆ 153 هەزار دینار دابەزی شارەزایەكی بواری دراوە بیانییەكانیش ئاماژە بەوەدەكات بانكی فیدراڵی ئەمریكا ڕێوشوێنی نوێ بۆ پێدانی دۆلار بە چەند بانكێك پەیڕەو دەكات و ئەوەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەبێت ئەگەر هیچ ڕووداویك نەیەتە پێش ئەوا لەدوای سەری ساڵ 100 دۆلار لە خوار 150 هەزارەوە مامەڵەی پێوەدەكرێت.

ڕێباز فەلاح، شارەزا لەدراوی بیانی و خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەكەی شاری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دۆلار نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ئەم مانگە و مانگی ڕابردووش بەخۆیەوە بینی كە بەهاكەی نزكی بوویەوە لە 152 هەزار و 900 بۆ 153 هەزار دینار بەرامبەر بە 100 دۆلار، ئەم دابەزینەش پەیوەندی بە ڕێوشوێنەكانی بانكی مەركەزی عێراق هەیە بەتایبەت دوای ڕێككەوتنی بانكی مەركەزی عێراق و بانكی فیدراڵی ئەمەریكا بۆ ناردنی دۆلاری كاش لە ساڵی نوێ‌.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەنگاوەی حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراق بە نیازن كاری لەسەر بكەن پڕۆسەیەكی درێژخایەنە كە بەشێكی مامەڵە داراییەكان لە بری دۆلار بە دینار بێت، هاوكات پێشتر بانكی فیدراڵیی ئەمریكا دۆلاری كاشی تەنها بە بانكی ناوەندیی عێراق دەدا، بەڵام وابڕیارە ئێستا دۆلار بە پێنج بانك لە عێراق بدات و ژمارەی بانكەكان زیاددەكات سەرجەم بانكە بازرگانییەكان دەتوانن پشكیان لەو دۆلارەكاشەدا هەبێت و بانكی ناوەندیی عێراق ڕۆڵی چاودێریكردن لەم بابەتەدا دەبینێت.

ئەو شارەزایەی بواری دراوە بیانییەكان ئەوەشی خستەڕوو، گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنە لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبێت و لە دوای سەری ساڵی نوێوە بەهای 100 دۆلار دادەبەزێت بۆ خوار خانەی ١٥٠ هەزار دینار دەبێت بەمەرجێك هیچ ڕووداوێكی گەورەی سیاسی لەناوچەكە ڕوونەدات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this