خاوەن نانەواخانەیەکی هەولێر: حکومەت دەیەوێت بژێویمان ببڕێت و بێکارمان بکات

0
537

SNN-عەلی حەمە سەعید

لەدژی بڕیارێكی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ژمارەیەك لە خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەكانی هەولێر خۆپیشاندانیان كردو یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان ئاماژە بەوەدەكات بڕیارەكانی پارێزگاری هەولێر بۆ ئەوەیە ئەو چینەكەی كە پشتمان بەخۆمان بەستووە بۆ بژێوی ژیانمان بێكارمان بكات و كەسیش ئامادە نییە وەڵاممان بداتەوە، لەبەرامبەردا ئیدارەی پارێزگای هەولێر بە توندی هۆشداری دەداتە خاوەن نانەواخانەکان.

بەختیارئەحمەد، یەكێك لە خاوەن نانەواخانەكانی هەولێر بە SNNی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەلایەن لیژنەی بازرگانی هەولێرەوە سەردانی ناواخانەكانی كردووە و داوایان لێكردوین كە بڕیاری فرۆشتنی 10 نان و سەمون بخەنە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێمە بەو بڕیارە ڕازی نین چونكە نەك هیچ قازانجێكمان بۆ نامینێتەوە بەڵكوو دەبێت پارەی گیرفانی خۆشمان بخەینە سەر، بۆیە داوا دەكەین حكومەت پێداچوونەوە بە بڕیاری هەرزانكردنی نرخی نان بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بڕیارەی حكومەت و پارێزگاری هەولێر بۆ ئەوەیە ئەو چینەكەمەی كە بژێوی ژیانمان لەسەر كاروپیشەكانمانە نەهێڵن كار بكەین و بێكارمان بكەین و ڕەوانەی ماڵەوەمان بكەن و بێدەنگمان بكەن، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین لەوە و ناتوانین واز لە بژێوی ژیانمان بهێنین، هاوكات پێشتر دانیشتن لەنێوان سەندیكای كرێكاران و حكومەتی هەرێم و داواكاری سەموونخانە و نانەواخانەكانیان كردووە بە خاڵ و واژۆیان لەسەر كردووە كە پاڵپشتیان بكرێت بە داشكاندنی نرخی یەك بتڵ غازبەرامبەر بە پێنج هەزار دینار بەڵام ئەوەشیان بۆ نەكردوین.

ئەو خاوەن نانەواخانەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەت جدییە لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان كە بریتن لەوەی دابینكردنی بەشە ئاردی پاڵپشتی و كەمكردنەوەی تێچووی مۆڵەتی یاسایی و تەندرووستی و هەڵگرتنی نوێكردنەوەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی و لابردن و بەخشینی نانەواخانە و سەموونخانەكان لە پێدانی كرێی فڕێدانی زبڵ و خاشاك و هەروەها پێدانی بتڵێك غاز بە بڕی پینج هەزار دینارئێمەش ئامادەین بڕیارەكەی حكومەت جێبەجێبكەین و 10 نان بدەین بە هەزار دینار.

لەبەرامبەردا ئیدارەی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە: 10 نان به‌ هه‌زاره‌ و ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌روی یاسا ده‌كرێته‌وه‌.

راشیگەیاندووە: “هەندێک کەس بەناوی‌ خاوەن سەمونخانە و نانەواخانە گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان ئەنجامدا لە بەرامبەر بڕیارەکە، جگە لە مەرام و مەبەست بۆ شێواندنی‌ بارودۆخەکە هیچی تر نەبوو”.

ئاماژەی بەوەشکردووە: “بریاردراوە نرخی‌ هەر لیترێک غاز بۆ نانه‌واخانه‌ و سه‌مونخانه‌كان 50% داشکاندنی‌ بۆ بکرێت”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this