“ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندییان بە چارەسەرنەكردنی پرسی داهاتە نانەوتییەكانەوە هەیە”

0
556

SNN-عەلی حەمەسەعید
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات چارەسەرنەكردنی دۆسییەكانی پەیوەست بە نەوتی هەریمی كوردستان، یەكێكە لەهۆكارەكانی ڕێكنەكەوتنی هەولێرو بەغدا، ئاشكراشیدەكات كە رێككەوتنێك بۆ دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا هەیە، پاش یەكلایی كردنەوەی پرسی داهاتە نانەوتییەكان و داهاتی گومرگ.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: رێككەوتنێك بۆ دەنگدان لەسەر هەمواركردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا هەیە، ئەوە پاش یەكلایی كردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی داهاتە نانەوتییەكان و داهاتی گومرگ، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها لێكتێگەیشتنە لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر سەبارەت بە بودجە سیاسی نییە و بەڵكو تەكنیكییە، پەیوەندییان بە چارەسەرنەكردنی پرسی داهاتە نانەوتییەكانەوە هەیە، هاوكات هەموو پێوەرەكان ئەرێنین سەبارەت بە هەمواركردنەوەی پشكی هەرێم لە بودجە، ئەگەر لە كۆتا ساتدا پاشەكشە نەكەن و پابەندی ڕێككەوتنەكان ببن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، پێدەچێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی داهاتوویدا ڕەزامەندی لەسەر هەمواركردنەوەی بودجەی هەرێم بدات، ئەگەر ناكۆكییەكان چارەسەرببن، كۆدەنگییەك لەسەر هەمواركردنەوەی بودجە و یەكلاكردنەوەی پشكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەیە، هاوكات شاندی هەرێم دەستی بە دانوستان كردووە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی پشكی هەرێم لە بودجە و پرسی یاسای نەوت و غاز.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this