لەدوای بریاری بەغدا بۆ ناردنی پارە، SNN وادەی دابەشكردنی مووچە ئاشكرادەكات

0
9526

عەلی حەمە سەعید- SNN

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاردرا بە ناردنی بڕی 618 ملیار دینار لە پشكی هەرێم بۆ ساڵی 2024، بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو كات دەستپێدەكات كە پارەكەی بەغدا بخرێتە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم جەحتیش دەكاتەوە كە هیچ گۆڕانكاریەك لە لیستی مووچەی فەرمانبەران نەكراوە و بەهەمان ڕیزبەندی مانگەكانی پێشوو مووچە دابەشدەكرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی وەزارەتی دارایی هەرێم بە SNNدراون ئەوەخراوەتەڕوو، ڕاستە بڕیارە لەسەر ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دراوە، بەڵام ئەم پارە پێویستی بە هەفتەیەك دەبێت تا ڕێكارە یاسایی و ئیداریەكانی تەواو دەبێت و پاشان وەزارەتی دارایی عێراق پارەكە دەخاتە سەر ژمارە حسابی بانكی هەرێم كە بڕەكەی 618 ملیار دینارە ئەوەش دەكاتە %12.67 لە بودجەی 2024 تایبەت بەپشكی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی دارایی عێراق لە 18 تا 25ی مانگ دەستدەكات بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی، بۆیە پێدەچێت ناردنی ئەو پارەی هەرێمیش بكەوێتە ئەو وادەیەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە تا كۆتایی ئەم مانگە بڕی ئەو 618 ملیار دینارە دەگاتە هەرێم و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵ دابەشدەكرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ گۆڕانكاری لە لیستی مووچەی وەزارەتەكان، بەڵكوو دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگەش بەهەمان شێوەی لیستی مووچەی مانگەكانی ڕابردوو دەبێت و لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەستدەكرێت بەدابەشكردنی مووچە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this