دادگای عێراق: سەپاندنی باج بەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت نایاساییە و هەڵوەشایەوە

0
45

SNN-

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لەو شێوەیەی نییە.

هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری گرانکردنی نرخەکان

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە فەرمی بڕیاری سەپاندنی باجی بەسەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێتدا هەڵوەشاندەوە. دادگا ڕایگەیاند، سەپاندنی هەر بڕە پارەیەک لەژێر ناوی “کرێی خزمەتگوزاری” بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردندا نایاساییە و پێویستە نرخەکان وەک خۆیان بمێننەوە بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتییان دروست نەبێت.

جیاوازیی نێوان باج و کرێی خزمەتگوزاری

دادوەر ئەیاد موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی تایبەت بە بینینی تانەکان ڕایگەیاند، سەپاندنی 20% بەسەر نرخی کارتی مۆبایل و ئینتەرنێتدا لە ڕاستیدا باجی فرۆشتنە، نەک کرێی خزمەتگوزاری. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ماددەی 28ی دەستووری عێراق، سەپاندنی هەر جۆرە باجێک تەنیا لە دەسەڵاتی یاساداناندایە و ناکرێت بەبێ بوونی یاسایەکی تایبەت، هیچ بڕە پارەیەک بەسەر هاوڵاتییاندا بسەپێنرێت.

نایاساییبوونی بڕیارەکەی حکومەتی پێشوو

بە وتەی دادوەر ئەیاد موحسین، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان بۆ گرانکردنی نرخەکان پشتی بە ڕێنماییەکی حکومەتی کاربەڕێکەر بەستووە. دادوەرەکە جەختی کردەوە کە حکومەتی کاربەڕێکەر بەپێی یاسا دەسەڵاتی نییە ئەو جۆرە بڕیارانە بدات کە لێکەوتەی دارایی نوێ بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروست دەکەن، چونکە ئەرکی ئەو جۆرە حکومەتانە تەنیا بەڕێکردنی کارە ڕۆژانەکانە

پاراستنی مافی هاوڵاتییان بەبێ پاڵپشتی یاسایی

سەرۆکی ئەنجوومەنی تایبەت بە بینینی تانەکان دووپاتیکردەوە کە بڕیاری سەپاندنی ئەو پارەیە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە. هەر بۆیە دادگا بڕیاری داوە هەڵیووەشێنێتەوە تاوەکو کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن نەتوانن بە شێوەیەکی نایاسایی نرخەکان بەرز بکەنەوە و مافی بەکارهێنەران لە سەرتاسەری عێراقدا بپارێزرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this