سەرۆک بافڵ بۆ باڵیۆزی تورکیا: پێویستە حکومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە پێکبهێنرێت

0
7

SNN

بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئانل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە هەولێر کۆبوونەوە و تاوتوێی دۆخی سیاسی و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیان کرد.

هاوسەنگی و شەراکەتی نیشتمانی
لە دیدارێکدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و کونسوڵی تورکیا ئامادەی بوون، بافڵ جەلال تاڵەبانی دیدگای یەکێتیی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم خستەڕوو. سەرۆکی یەکێتی جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و شەراکەتی ڕاستەقینە بێت، بەجۆرێک مافی سەرجەم لایەنەکان پارێزراو بێت.

پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و ناوەند، بافڵ جەلا تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور، کلیلی سەقامگیرییە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە “باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر خزمەتکردنی خەڵک هەبووە و دەمانەوێت ئەو ئاراستەیە بەردەوام بێت”.

کەرکوک؛ هێمای پێکەوەژیان
لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە، باڵیۆزی تورکیا ستایشی ڕۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی کرد لە نزیککردنەوەی لایەنەکان و بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان لە شارەکەدا. باڵیۆز ڕێککەوتنە سیاسییەکانی کەرکوکی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد بۆ زیاتر خزمەتکردنی شارەکە و قووڵکردنەوەی برایەتی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانیدا.

بەرژەوەندیی هاوبەش
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا کردەوە، بەجۆرێک کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووریی زیاتر بێت و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەستەبەر بکات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this