دۆسیەی گەورەی گەندەڵییەکەی عێراق؛ زیاتر لە 50 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستبەسەرن و لێکۆڵینەوەکان نهێنـین

SNN-
بەغدا – SNN
لە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی گەندەڵی لە مێژووی ئەم دواییەی عێراقدا، زیاتر لە 50 کەس کە پێکهاتوون لە 12 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و ژمارەیەک ڕاوێژکاری پێشووی حکومەت، لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی سەر بە دەستەی دەستپاکی لە بەغدا ڕاگیراون.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەی “العربي الجدید”-یان ڕاگەیاندووە، دەستگیرکردنەکان دوای دانیپێدانانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق هاتووە کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان لە گرێبەست و مامەڵە گەندەڵییەکاندا تێوەگلاون کە ملیۆنان دۆلاریان لێ وەرگرتووە.
دۆخی دەستگیرکراوەکان و لێکۆڵینەوەکان
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە لێکۆڵینەوەکان بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و سەردانیکردنی دەستگیرکراوەکان قەدەغەکراوە. سەبارەت بە ڕەوشی تەندروستییان، ئاماژە بەوە کراوە
-
هیچ جۆرە ئازاردانێکی جەستەیی یان ترساندنێک بوونی نەبووە، بەڵام زۆرینەیان لە کاتژمێرەکانی یەکەمی لێپرسینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
-
پشکنینی مۆبایلەکان بووەتە هۆی دۆزینەوەی بەڵگەی نوێ و دانپێدانانی زیاتر.
-
بەهۆی کاریگەری شۆک و دۆخی دەروونییەوە، یەکێک لە ژنە پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان دووجار بێهۆش بووە و دەستگیرکراوێکی دیکەش تووشی مەینی خوێن بووە، کە لەلایەن پزیشکانی ناو زیندانەکەوە چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
-
شوێنی مانەوەیان تەلەفزیۆنی تێدایە، بەڵام تەنها ڕێگەیان پێدراوە سەیری کەناڵێکی وەرزشی دیاریکراو بکەن.
گۆڕانکاری لە پەرلەمان
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕایگەیاندووە، دوای کۆتاییهاتنی پشووی یاسادانان، ڕێکاری یاسایی بۆ گۆڕینی هەریەک لە موسەنا سامەڕای و هیند عەباسی دەستپێدەکات و داواکارییان ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت بەهەمان شێوە بەیاننامەی فەرمی بۆ گۆڕینی سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی دیکە دەربکرێت کە ناویان لە دۆسیەی گەندەڵییەکەدا هاتووە.
More News
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



