وەبەرهێنانی سلێمانی: مافی خاوەندارێتی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق پارێزراوە و هیچ گۆڕانکارییەک نەهاتووەتە ئاراوە

SNN-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکی فەرمیدا بۆ رای گشتی و وەبەرهێنەران، وەڵامی ئەو لێکدانەوە هەڵە و ئاڕاستە جیاوازانەی دایەوە کە لە هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی بڕیاری دادگای کارگێڕیی سلێمانی (ژمارە 57/ک/2026) بڵاو کرابوونەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پشت بە روونکردنەوەی فەرمیی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی دەبەستێت و جەخت لەم خاڵە سەرەکییانە دەکاتەوە:
بەردەوامیی پرۆسەی وەبەرهێنان
ژینگەی وەبەرهێنان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و یاساکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن و هیچ گۆڕانکارییەک لە مافی خاوەندارێتیی یاساییدا دروست نەبووە.
مافی خاوەندارێتی بۆ هەمووان
بەپێی دەستووری عێراق و یاسای تۆمارکردنی خانووبەرە و یاسای وەبەرهێنان، تەواوی هاووڵاتییانی ناوچەکانی تری عێراق بەبێ جیاکاری مافی یاسایی تەواویان هەیە بۆ خاوەندارێتی و کڕینی شوقە، خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی.
سنوورداربوونی بڕیارەکە
بڕیاری ئاماژەپێکراوی دادگا تەنها تاوتوێی حاڵەتێکی تایبەتمەندی کردووە، بڕیاری کۆتایی (پلەی بنەبڕی) وەرنەگرتووە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت گشتاندنی بۆ باری گشتیی خاوەندارێتی و وەبەرهێنان لە شارەکەدا بکرێت.
دڵنیایی بە وەبەرهێنەران
بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی تەواو دەداتە تەواوی وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە سلێمانی وەک هەمیشە شارێکی کراوە و ئارامە بۆ وەبەرهێنان و سەرجەم مافە یاسایی و داراییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکان پارێزراون.
More News
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



