بانکی ناوەندی: یەدەگی دراو گەیشتووەتەوە 80 ملیار دۆلار و هێنانی دۆلاری کاش ئاسایی بووەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق
SNN-
مەحموود داغر، ڕاوێژکاری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و وتەبێژی بانکەکە ڕایگەیاند؛ یەدەگی دراوی بیانیی عێراق دوای ئەوەی بەهۆی جەنگ و داخرانی تەنگەی هورمزەوە لە مانگی ئابدا بۆ 73 ملیار دۆلار دابەزیبوو، لە ئێستادا گەیشتووەتەوە نزیکەی 80 ملیار دۆلار.
داغر لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگەکانی ئادار تا حوزەیرانی ئەمساڵ، بەهۆی پەککەوتنی هەناردەی نەوت بە گەرووی هورمزدا، یەدەگی دراو لە 109 ملیار دۆلارەوە دابەزی، بەڵام لە تەممووزەوە بەدواوە دۆخەکە بەرەو باشتربوون ڕۆیشتووە و لە ئێستادا داهاتی مانگانەی نەوت نزیکبووەتەوە لە 6 ملیار دۆلار.
یەدەگی زێڕ
زیاتر لە 174 تۆن زێڕی عێراق بە تەواوی پارێزراوە و هیچ دەستکارییەکی نەکراوە.
گەیشتنی دۆلاری کاش
پڕۆسەی ناردنی دۆلاری نەختینە لە ئەمریکاوە ئاسایی بووەتەوە، کە پێشتر بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و هێرشی درۆنەکانەوە وەستابوو. پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چەندین گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری بگەنە بەغدا.
پشکی گەشتیاران
بەهۆی بەردەستبوونی دۆلاری کاش، پشکی وەریگرتنی دۆلار بۆ گەشتیاران لە 2 جارەوە دووبارە بۆ 6 جار لە ساڵێکدا بەرزکراوەتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان
دوای دەستکاریکردنی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی نرخەکان، حکومەت و بانکی ناوەندی چەند ڕێکارێکی فریاگوزارییان گرتووەتە بەر، لەوانە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر بۆ بازرگانان تا کەلوپەلی زیاتر هاوردە بکەن و نرخەکان داببەزن.
پڕۆژەی لابردنی سفرەکان
پڕۆژەی لابردنی سفر لەسەر دراوی عێراقی تاوەکو ئێستا تەنیا پڕۆژەیەکی ئامادەکراوە و بەهۆی ناڕەخسانی بارودۆخی ئابووری و نائارامییەکانی ناوچەکەوە، جێبەجێکردنی خێرای بۆ ناکرێت.
More News
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



