شەپۆلێکی بارانبارین عێراق و هەرێم دەگرێتەوە و پێشبینیی مانگێکی سارد و باراناوی دەکرێت

بارانبارین لە سلێمانی فۆتۆ.. تێبین ژین
SNN-
پێ بەپێی زانیارییە کەشناسییەکان، لەمڕۆوە ئەگەری بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و لە ناوەڕاستی هەفتەشەوە شەپۆلێکی سەرانسەریی بارانبارین و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە.
پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری پرووشکەباران هەیە، لەگەڵ کەمێک نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما.
سبەی دووشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما (1 بۆ 2) پلە بەرز دەبنەوە.
شەپۆلێکی بەهێز لە عێراق و هەرێم
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاشکرای کردووە، لە ڕۆژی سێشەممەوە کەشوهەوا دەگۆڕێت و دەستپێکی شەپۆلەکە لە بەشەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەوە دەبێت. شەپۆلەکە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە فراوانتر دەبێت و بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەورەبرووسکە، سەرانسەری ناوچەکانی باکوور، ناوەڕاست و باشوور دەگرێتەوە، هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە.
مانگی 11 ساردتر و بەخوڕتر لە ساڵانی ڕابردوو
کەشناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانگی 11ی ئەمساڵ لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ساردتر دەبێت بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، و تایبەتمەندییەکانی بەم شێوەیە دەبن
ئاستی دابارین
دابارین بە گشتی لە سەرووی ئاستی ئاسایی دەبێت و لە ناوچە جیاجیاکان بارانی زۆر باش دەبارێت.
تەرزە و لافاو
لە هەندێک کات و ناوچەی جیاجیادا ئەگەری دروستبوونی لافاو و بارینی تەرزە دەبێت.
دابەشبوونی باران
ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات، ناوچەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکووک پشکی شێریان لە بارانبارینەکە بەردەکەوێت و بارانی زۆر باشیان لێ دەبارێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.
More News
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



