سەرۆکایەتی یەكێتی بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ محەمەدی کەسنەزانی بروسکەیەکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە

SNN
سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی بروسکەیەکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە و دەڵێت “سەرەخۆشی لە سەرجەم موسڵمانان و تێكڕایی مورید و شوێنكەوتووانی تەریقەتی قادری دەكەین”.
لەو بروسکەیەدا، سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە: “بە بۆنەی كۆچی دوایی كەسایەتی ناسراو و دیاری گەلەكەمان و جیهانی ئیسلامیی حەزرەتی (شێخ محەمەد شێخ عەبدولکەریم كەسنەزانی) سەرۆك و پێشەوای تەریقەتی قادری كەسنەزانی، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە وڵاتی ئەمریكا كۆچی دوایی كرد. پرسە و هاوخەمی قوڵی خۆمان رادەگەیەنین و لە رێی ئێوەشەوە سەرەخۆشی لە سەرجەم موسڵمانان و تێكڕایی مورید و شوێنكەوتوانی تەریقەتی قادری ـ كەسنەزانی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەین”.
ئاماژەی بەوەشکردووە: “شێخ محەمەد دۆستێكی دێرینی جەنابی سەرۆك مام جەلال و كەسایەتییەكی ئایینی و كۆمەڵایەتی گەورە و كاریگەر بووە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیی، خاوەنی رێباز و تەریقەتێكی مرۆڤدۆستانە و كراوەبوو كە لە (92) وڵاتی جیهاندا پێگە و شوێنكەوتووی هەبووە”.
راشیگەیاندووە: “بۆ گەلەكەمان مایەی شانازییە شێخ و كەسایەتییەكی وا هەڵكەوتوو لە كوردستانی ئێمەوە تیشكی بیروباوەڕ و رێبازەكەی بدرەوشێتەوە و ناو و ناوبانگی لە هەموو دونیای ئیسلامدا رەنگبداتەوە”.
وتوشیەتی: “بەو بۆنەیەوە جارێكی تر خەم و پەژارەی خۆمان دووپات دەكەینەوە، دڵنیاین ئێوە و نەوەكانی شێخی تەرقەتی قادری كەسنەزانی و شوێنكەوتووانی لەسەر هەمان رێبازی ئیسلامەتی و مرۆیی درێژە بە كاروانەكەی دەدەن و وەك هەمیشە كوردستانەكەمان لانیكەی بیروباوەڕی میانڕەو پێكەوە ژیانی ئایین و رێبازەكان دەبێت”.
شێخ محەمەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی سەرۆکی تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
7 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



