گەلەبەراز زیان بە بەروبوومی خاوەن باخەكانی هەورامان دەگەیەنێت و پۆلیس دەڵێت نابێت لەناوببرێن

باخەکانی هەورامان
SNN-عەلی حەمە سەعید
بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی ناوچەی هەورامان و هەروەها شاخاوی بوونی ناوچەكە بووەتە هۆی ئەوەی كەژمارەیەك لە ئاژەڵی كێوی لە ناویشیاندا ئاژەڵی بەرزا بونیان هەبێت، ئەم بەرازانەش شەوانە هێرش دەكەنە سەر باخ و ڕەزی باخەوانانی سنوورەكە و زیانێكی زۆری پێگەیاندوون، بەرپرسانی پۆلیسی دارستانیش دەڵێن ” بەگوێرەی یاسا رێگەنادرێت ئەو بەرزانە لەناوببرێن”.
عەبدوڵا فەتاح، یەكێك لە خاوەن باخەكانی سنووری ناحییەی بیارەی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە بەSNNی ڕاگەیاند: بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی ناوچەكەوە ژمارەیەكی زۆر لە بەراز لە سنوورەكەدا بونییان هەیە و ساڵانە لەم وەرزەدا كە وەرزی پێگەیشتنی گوێز و قۆخ قەیسی و چەند بەرهەمێكی دیكەیە شەوانە بەشێوەی كۆمەڵ هێرش دەكەنە سەر ڕەز و باخ و دارگوێزەكانمان زیانێكی زۆریان لێدەدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو بەرازانەی كە شەوانە دێنە خوارەوە لە شاخەكانی هەورامانەوە هەر چییەك بەردەستیان بكەوێت زیانی لێدەدەن و تەنانەت هەندێك جاریش ڕەگی دارگوێزەكان دەبڕنەوە و بەروبومی باخەكان لەناودەبەن و جۆگە ئاودێریییەكانیش دەشێوێنن و دیوار و كەڵەكی باخەكانیش دەڕوخێنن، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ڕەچاوی ئەوە بكەن كەتەنها سەرچاوەی دارایی ئێمە ئەو باخانەیە و ڕێگەمان پێبدەن كە یان لەناویان ببەین یاخود بۆخۆیان ڕێگە چارەیەكی گونجاومان بۆ بدۆزنەوە بۆ دورخستنەوەی ئەو ئاژەڵە كێویانەی كەزیان بە بەروبومەكانمان دەگەیەنن.
ملازم فەرمان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە بۆ SNNی روونکردەوە، ڕاستە ساڵانە لە وەرزە جیاوازەكاندا ئاژەڵە كێویەكانی ناوچەكە بەتایبەت بەرازا بەشێوەی كۆمەڵ لەناوچەشاخاوییەكان دێنە خوارەوە و ڕوو لەباخ و دارستانەكان دەكەن و زیان بەبەروبومی باخەكان دەگەیەنن، بەڵام لەڕووی یاساییەوە بەهیچ شێوەیەك هاووڵاتیان ڕێگە پێدراونین راویان بكەن و لەناویان بەرن.
ئەوەشی خستەڕوو، تەنها رێگەچارە ئەوەیە كە هاووڵاتیان و خاوەن باخەكان لە ڕێگەی نوسراوێكی فەرمییەوە داوا لە بەرپرسی یەكەمی ئیداری ناوچەكەیان بكەن كە ئەو ئاژەڵانە زیانیان بەباخەكەی گەیاندووە و بەڵگەكان بخەنەنەڕوو، پاشان بەرپرسی ئیداریش بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگە و بەهەماهەنگی ئێمە ڕێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوبابەتە بدۆزینەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا تەقەكردن و كوشتنی ئەو ئاژەڵانە بە گوێرەی یاسا ڕێگەپێدراو نییە.

More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
7 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



