نەبوونی هۆتێل و مۆتێل گەشتیارانی هەڵەبجە بێ‌ جێگەو رێگە دەكات

0
1670

SNN-عەلی حەمەسەعید

سەرەڕای ئەوەی ساڵانە لە بۆنە و جەژنەكاندا و لە وەرزە جیاوازەكانی ساڵدا بە دەیان هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕوو لە ناوچە گەشتوگوزارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دەكەن، بەڵام نەبوونی هۆتێل و مۆتێل و جێگەی تایبەت بە مانەوەی گەشتیاران، گرفتی بۆ گەشتیاران دروستكردووە، بەرپرسانی گەشتیاری هەڵەبجە پلانەكانیان بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەخەنەڕوو.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 30 جێگەی گەشتیاری لە ماستەرپلانی گەشتیاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە دیاریكراون، كە خۆیان لە گەشتیاری هاوینە و بەهارەو، گەشتیاری ئاینی و سیاسی و چارەسەری سروشتی دەبینێتەوە، ئەمەش وایكردووە كە ساڵانە لە بۆنە و جەژنەكاندا زیاتر لە 60 هەزارگەشتیار ڕوو لە ناوچەكە بكەن.

فەرەیدون ئەحمەد، یەكێك لەوگەشتیارانەی كە لەناوچەی گەرمیانەوە سەردانی شارۆچكەی تەوێڵەی كردبوو بەSNNی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی كە ناوچەكە خاوەنی سروشتێكی جوان و كەشوهەوایەكی دڵڕفێنە بەڵام دەبوایە لایەنە پەیوەندیدارەكان زیاتر خزمەتی ئەمجۆرە شوێنانەیان بكردایەو وەك سەرچاوەیەكی گرنگی بەدەستخستنی داهات مامەڵەیان لەگەڵدا بكردایە، بە تایبەت كە گەشتیارێك لە ناوچە دوورەكانەوە دێتە ئەم سنوورە دەیەوێت چەند رۆژێك بمێنێتەوە بەڵام نە هۆتێلێك یاخود مۆتێلێكی بوونی نییە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ئێرە خێرا لە خەمی گەڕانەوەیاندا بن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبوو حكومەتی هەرێم بە تایبەت وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەرزوو لە خەمی كردنەوەی چەند كابینە و ئوتێل و جێگایەكی تایبەت بە مانەوەی گەشتیاراندا بوونایە، چونكە لە هەموو ئەو شارانەی كە خاوەن جێگای گەشتیارین دەبێت شوێنێكی تایبەت بە مانەوەی گەشتیار بوونی هەبێت و گەشتیار دڵنیابێت كە هەرچەندە بمێنێتەوە گرفتی بۆ دروست نابێت، بەڵام بەداخەوە ئەمە لە ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەدیناكرێت.

وەهاب ئەمین، وبەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، بەSNNی ڕاگەیاند: ئەركی ئێمەیە كە سەرپەرشتی هەموو شوێنە گەشتیارییەكان بكەین و خزمەتگوزاریشییان بۆ دابین بكەین، بەڵام نەبوونی هۆتێل و جێگای تایبەت بە مانەوەی گەشتیاران لە هەندێك لە شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەندێك جار پەیوەندی بە شوێنی جوگرافی ناوچەكەوە هەبووە بە تایبەت شوێنێكی وەك تەوێڵە كە ناوچەیەكی سەخت و شاخاوییە و زەوی پێویست بوونی نییە نەتوانراوە چ لە لایەن حكومەت یاخود وەبەرهێنەرانەوە هۆتێل دروست بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “لە سەیرانگای ئەحمەدئاوا، نزیكەی 30 كابینەی گەشتیاریمان بۆ مانەوە گەشتیاران دروستكردووە و گەشتیاران دەتوانن سودی لێوەربگرن هەروەها لە ناوهەڵەبجەش هۆتێل هەڵەبجە پاڵاسمان هەیە و بە هەمان شێوەش گەشتیاران دەتوانن تیایدا بمێننەوە، بەڵام بێگومان پێویستمان بە هۆتێل و مۆتێلی زیاتر هەیە لە ناوچەكەدا بونیان هەبێت”.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، “وەك هەموو داموودەزگاكانی دیكەی حكومەت ئێمەش گرفتی نەبوونی بودجە و كەمی فەرمانبەرمان هەیە، چونكە جێبەجێكردنی پلانەكانمان پێویستی بە بودجە هەیە، چونكە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی ساڵانە ڕوو لە ناوچەكە دەكەن گەشتیاری شارە دوورەكانن و پێویستیان بە شوێنی مانەوە هەیە لە نزیك شوێنە گەشتیارییەكان”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this