ئەم مووچەیەی دابەشدەكرێت مووچەی مانگی نیسانە یان ئاب؟

0
7029

SNN-عەلی حەمە سەعید
گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم داوای ئامادەكردنی لیستی مووچەیان لە یەكە ژمێریارییەكانی وەزارەتە جیاوازەكانی هەرێم كردووە، هەندێك وەزارەت لیستی مانگی نیسانیان بە لێبڕینی لە%21 ئامادە كردووە، بەڵام دواتر پێیان راگەیەندراوە كە جارێ‌ چاوەڕێبكەن بۆ ئەوەی بزانن مووچەی مانگی نیسان دەبێت یان ئاب.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بە SNNدراون ئەوە خراوەتەڕوو، ئەوەی تا ئێستا لە دابەشكردنی مووچە یەكلا بووەتەوە، ئەوەیە ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێت دابەشكردنی مووچە لە 60 رۆژ نزیك بكاتەوە هاوشێوەی دوو مانگی رابردوو، تا ئەو كاتەی لەگەڵ حكومەتی عێراق واژوو لەسەر رێككەوتنەكەیان دەكەن و حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی بەرچاویان رووندەبێت كە عێراق بڕی چەند پارە دەنێرێت و لەبەرامبەردا چی لە هەرێم دەوێت، بۆیە ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا نەگەنە رێككەوتن ئەوا دەتوانرێت بە 60 رۆژ جارێك مووچە بە لێبڕینی %21 یان كەمێك زیاتر دابەشبكرێت بەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت و ناوخۆ كە حكومەتی هەرێم دەستیدەكەوێت.

ئاماژەی بەوشكرد، هەرچەندە لە لایەن گەنجینەكانی سەر بە وەزارەتی دارایی داوا لە یەكە ژمێریارییەكانی سەر بە وەزارەتە جیاوازەكان كراوە كە لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بە لێبڕینی %21 بۆ مانگی نیسان ئامادە بكەن و چەند وەزارەتێكیش ئەو لیستەیان ئامادە كردووە، بەڵام دواتر لە لایەن گەنجینەكانەوە پێیان راگەیەندراوە كە جارێ‌ پەلە نەكەن لە ناردنی لیستی مووچە، چونكە پێدەچێت ئەو مووچەیەی ئەمجارە دابەشدەكرێت، مووچەی مانگی ئاب بێت نەك مانگی نیسان.

SNN ئەوەشی زانیوە كە گۆڕینی لیستی مووچەی مانگی نیسان بە مانگی ئاب لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئەگەر بەغدا و هەولێر بگەنە رێككەوتنی كۆتایی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، ئەوا حكومەتی عێراق تەنها بۆ ماوەی سێ‌ مانگ رێككەوتن دەكات و دواتر لە ساڵی 2021 رێككەوتنێكی دیكە واژوو دەكرێت، بۆیە ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمیش ئامادە نییە مووچەی چەند مانگێكی رابردوو لەسەر خۆی كەڵەكە بكات و دەیەوێت بە گوێرەی رێككەوتنەكەی لەگەڵ عێراق مووچە رێكبكاتەوە و مووچەی چوار مانگی مووچەخۆران پاشەكەوت بكات.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this