شاندى دانوستانكارى هه‌رێم: پێداگریمان له‌سه‌ر پرسى مووچه‌ كردووه‌

0
1841
شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێم به‌ سه‌رۆكایه‌تى قوباد تاڵەبانی | فۆتۆ: ئه‌ژى عومه‌ر

شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێم ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كانى چه‌ند رۆژى رابردووى بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرایكرد: لە‌ ماوە‌ی دووھە‌فتە‌ی رابردوودا، شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، چە‌ندین كۆبوونە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی عێراق و لایە‌ن و حیزبە‌ سیاسییە‌كان و ژمارە‌یە‌ك لە‌ ‌پە‌رلە‌‌مانتاران لە‌ بە‌غدا ئە‌نجامدا، بە‌مە‌بە‌ستی گفتوگۆ كردن و چارە‌سە‌ركردنی پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان.

شاندی دانوستانكاری حكومە‌تی ھە‌رێم له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو، “دوو لیژنە‌ی دارایی و نە‌وتیی لە‌نێوان ھە‌ردوولا ( حكومە‌تی فیدراڵ وحكومە‌تی ھە‌رێم) پێكھێنران كە‌ وە‌ك تیمێكی ھاوبە‌ش كاریان لە‌سە‌ر دیاریكردنی گرفتە‌كان و داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو و یاسایی بۆ چارە‌سە‌ر كردنیان، كاریان دە‌كرد”.

له‌باره‌ى ئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه‌ ئاشكرایانكردووه‌، “كۆبوونە‌وە‌كان ئە‌رێنی بوون و خاڵە‌كانی ناكۆكی نێوان ھە‌رێم و عێراق دیاری كران و تیمە‌ ھاوبە‌شە‌كان چە‌ندین پێشنییاریان ئامادە و گە‌ڵاڵە‌ كرد بۆ ئە‌وە‌ی ببنە‌ بنە‌مای كاركردنی پێكە‌وە‌یی تا گە‌یشتن بە‌رێككە‌وتنی تە‌واوە‌تی لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی نوێی عێراق، حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان، پابە‌ندی خۆی نیشاندا لە‌سە‌ر پرسی نە‌وت و ئیلتزاماتی نە‌وتی ھە‌رێم بە‌مە‌بە‌ستی گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن، ھە‌روە‌ھا شاندی دانوستانكار پێداگری لە‌سە‌ر شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان كردووە‌ و بە‌تایبە‌ت پرسی مووچە‌”.

ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، “دە‌رئە‌نجامی كۆبوونە‌وە‌كان، لە‌سە‌ر پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و پرسی نە‌وت، ئاڕاستە‌ی حكومە‌تی نوێی عێراقیش كراون و گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن لە‌داھاتوودا تا گە‌یشتن بە‌ چارە‌سە‌ری گونجاو”.

له‌ كۆتايى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا شاندی دانوستانكاری ھە‌رێم باسیان له‌وه‌شكردووه‌، “ئاشكرایە‌، ئە‌و بودجە‌یە‌ی كە‌ لە‌ حكومە‌تی فیدراڵە‌وە‌ دە‌ھاتە‌ ھە‌رێم لە‌ ساڵی 2019 و لە‌ سێ مانگی یە‌كە‌می 2020، نیوە‌ی ئە‌و بودجە‌یە‌ دە‌كات كە‌ حكومە‌تی ھە‌رێم دە‌یدات بە‌ مووچە‌خۆرانی ھە‌رێم، بۆیە‌ پیداگری كرا لە‌سە‌ر خەرجکردنی تە‌واوی شایستە‌ داراییە‌كان”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this