“لە خانووە پلاستیکیەکاندا بەشێوەیەکی مەترسیدار دەرمانی قڕکەر بەکاردەهێنرێت”

0
1206

SNN-هەڵکەوت سەروەت

بەڕێوبەری کوشتارگەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە خانووە پلاستیکیەکاندا بەشێوەیەکی مەترسیدار دەرمانی قڕکەر بەکاردەهێنرێت، بڕەکەی زۆر زیاترە لە بڕی پێویست و زیانی بۆ مەترسی هاووڵاتییان و ژینگەش دەبێت.

د. شاڵاو عارف بەڕێوبەری کوشتارگەی سلێمانی بە SNNی راگەیاند: دەرمانە قڕکەرەکان کە بۆ لەناوبردنی مێش و مەگەز و رووەکە نەخوازراوەکان بەکاردەهێنرێن، لە دواتردا کاریگەری لەسەر خۆراکەکان دەبێت و دەبێتەهۆی دروستبوونی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان.

بەڕێوبەری کوشتارگەی سلێمانی وتیشی: هەرێمی کوردستان بەراورد بە زۆر شوێنی دیکە، بڕێکی زیاد لە دەرمانی قڕکەربەکاردەهێنرێت، کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر مرۆڤ دەبێت.

روونیکردەوە: ئاژەڵ بەدوو ڕێگە ئەم قڕکەرانە وەردەگرێت ، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ڕاستەوخۆ وەک چارەسەر بۆ لەناوبردنی مشەخۆرە دەرەکیە بۆی بەکاردێت، ناڕاستەوخۆش لە کشتوکاڵ و لەڕێگەیی خۆراک و ژینگە و بەئاویش دەیخواتەوە، دواتر دەچێتە پێکهاتەی گۆشت و دوگەکەیەوە، کە بە کوڵاندنی ئەو گۆشتە 45ی ئەو ژەهرە لەناودەچێت، بەڵام بە برژاندن و ڕێگەکانی دیکەی ئامادەکردن زۆر بەکەمی ڕزگارمان دەبێت لەو ماددانە.

دەشڵێت: ئەو دەرمانە قڕکەرانە تەنیا یەک لەسەدی رووەک سوودی لێدەبینێت و 80 لەسەدی بەهەوا بڵاودەبێتەوە و لەرێگەی بارانەوە دووبارە دەگەڕێتەوە ژینگە و سروشت و سەرچاوەی ناو ژەهراوی دەکات.

وتیشی: لەکوردستاندا ئەگەر ناوچەیەکی بچووکی وەک پیرەمەگرون و بازیان بەنمونە وەربگرین، 10 هەزار خانوی پلاستیکی لێیە، بۆ هەر سێ مانگی بەرهەمی هەر خانویەکی پلاستیکی 1 لیتر دەرمانی قڕکەر بەکاردێنێت واتە کۆیی گشتی 10 هەزار لیترە، کە ئەمە بڕێکی زۆر و مەترسیدارە.

بەڕێوبەری کوشتارگەی سلێمانی باسی لەوەشکرد، لە بەشێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو، لەنێویشیاندا ئوسترالیا، دەرمانی قڕکەری hexachlorobenzin  قەدەغەکراوە بەهۆی مەترسیدارییەوە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this