سەرۆكی دەستەی دەستپاكی بۆ SNN “زیاتر لە 400 ملیار دینار پارەی حكومەت لای كۆمپانیاكانە”

0
1370

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم ئاشكرایدەكات كە بە گوێرەی ئەو بەدواداچوون و خەمڵاندنانەی كردوومانە زیاتر لە 400 ملیار دینار پارەی حكومەت لای كۆمپانیاكانە و تا ئێستاش تەنها 11 ملیار دیناری گەڕاوەتەوە بۆ حكومەت، هاوكات هاوكاری حكومەت دەبین بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: لە ئێستادا وەزارەتی دارایی وردەكای هەموو ئەو قەرزو پارانەی لایە كە بەناوی جیاجیا دراونەتە كۆمپانیاكان و هەندێكیشیان لە دادگا دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە وەزارەتی دادیش هاتووەتە سەر هێڵ لەسەر ئەو بابەتە، هەر لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا تەنیا یەك كۆمپانیا كە قەرزی لە حكومەت وەرگرتووە بڕی 11 ملیار و 121 ملیۆن دیناری پارەی قەرزی حكومەتی گەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بە گوێرەی ئەو بەدواداچوون و خەمڵاندانەی كە لەبەردەستماندا هەن زیاتر لە 400 ملیار دینار پارەی حكومەت دراوەتە كۆمپانیاكان چ بە ناوی وەبەرهێنان یاخود بە شێوەی قەرز، بەڵام ئەوە بەشێكی بچووكە لەو بابەتە، بۆیە لە ئێستادا حكومەت دەستكیكردووە بە هەوڵەكانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە و ئێمەش هاوكارییان دەبین”.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، كارێكی هەروا ئاسان نییە لە ئێستادا كۆمپانیاكان بتوانن بەسەر یەكەوە هەموو ئەو پارە و قەرزانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو لە حكومەتییان كردووە بیدەنەوە بەڵام، نابێت حكومەتیش بێدەنگ بێت دەبێت هەوڵی جدی بدات بۆ وەرگرتنەوەی پارەكانی بە تایبەت لەم كاتەدا كە قەیرانی دارایی بەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستانیشی گرتووە و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش ناكرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this