جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان: دواخستنی دەوام 90%ی پەیوەندی بە دابەشنەكردنی مووچەوە هەیە

0
988

SNN – عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاريدا بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بە داخراوی بمێنێتەوە، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان رایده‌گه‌یه‌نێت: 90%ی هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە پەیوەندی بە دابەشنەكردنی مووچەوە هەیە.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “بە بڕوای ئێمە دواخستنی دەوام و بەقوربانیكردنی پرۆسەی خوێندن و برسیكردنی فەرمانبەران هەمووی پەیوەندی بە دابەشنەكردنی مووچەوە هەیە، ئەو بڕیارەشی كە درا بە دواخستنی پرۆسەی خوێندن بۆ 7ى كانونى دووه‌م، ئەگەر 10%ی پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەبێت ئەوا زیاتر 90% پەیوەندی بە دابەشنەكردنی مووچەوە هەیە”.

وتیشى: “هەرچی دامودەزگای حكومەتە دەوام دەكات، بازاڕەكان قەرەباڵغترین شوێنن، مزگەوتەكان بەكراوەی ماونەتەوە، رۆژانە زۆرترین هاووڵاتی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و ئەو دامودەزگایانە دەكەن كە پارە دەدەن بە حكومەت، بەڵام دەوام بۆ ئەوان كراوەیە و كێشەی نییە بۆ كردنەوەی دەرگای قوتابخانەن مەترسییە، بۆیە ئێمە ئەو زیانەی كە بەهۆی دواخستنی پرۆسەی خوێندن بە قوتابیان و خوێندكاران دەگات دەخەینە ئەستۆی سەرۆكی حكومەت”.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە ناڵێین كۆرۆنا مەترسی نەماوە و نییە، بەڵام دەكرێت بە جێبەجێكردنی رێكاری تەندروستی پێویست دەرگای قوتابیخانەكان بكرێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەندین رێگاچارەی گونجاومان بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن خستووەتەڕوو، بەڵام گوێمان لێنەگراو”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this