
SNN
بە بەشداری هاوسەرۆکانی یەکێتی و عومەر سەید عەلی رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رێورەسمی واژووکردنی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان دەستیپێکرد.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە رێورەسمەکەدا وتی: “خۆشحاڵم کە هەمووان پێکەوە دەبینم، من بەڵێنم بە کاک عومەر داوە کە رێککەوتنەکەمان دژی هیچ لایەنێک نییە بەڵکو بۆ یەکڕیزیی کوردستانە و بۆ گەلەکەمانە”.
وتیشی: “من لێرەدا بەڵێنێکی دیکەی پێدەدەم کە ئەویش ئەوەیە قەت جارێکی دیکە خوشک و براکانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان بەجێناهێڵین”.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی: “من حەزناکەم ئەم رێککەوتنە تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە بێت بەڵکو کارەکانمان پێکەوە بەردەوامبێت، ئینشەڵا ئەمە یەکەمین هەنگاوە بۆ ئەوەی خەونەکانی مام جەلال و کاک نەوشیروان بهێنینەدی، ئەم رێککەوتنە دەبێت یەکەمین هەنگاوبێت بۆ سلێمانییەکی باشتر و کوردستانێکی باشتر، بەیەکەوە دەبێت لە بەغدا بەهێزتربین، لە بەغداوە دەتوانین خزمەتی میلەتەکەمان بکەین”.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی: “حەزناکەم تەنیا خۆمان بە خاوەنی سلێمانی بزانین، بەڵکو خاوەنی هەموو کوردستان و عێراقین، ئێمە حزبی ئینتەرناشناڵین، ئەگەر خۆمان کۆبکەینەوە دەتوانین خزمەتێکی چاک بکەین”.
راشیگەیاند: “دۆخی کوردستان بەپێی پێویست باش نییە، دەتوانین پێکەوە زۆر باشتری بکەین، من حەزناکەم خۆمان بەراورد بکەین بە وڵاتە بچوکەکانی دونیا بەڵکو خۆمان بە وڵاتە گەورەکان بەراورد بکەین، لەبن چەترێکی ئینسانی بە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی جەنابی مام جەلال دەبێت رۆح و کەرامەتی کوردستان بپارێزین، دەبێت کارێک بکەین کە بتوانین بەرنامەکەی جەنابی مام جەلال و کاک نەوشیروان تەواوبکەین، هەربژی هاوپەیمانی کوردستان”.
هاوکات لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: شەرەفێكی گەورەیە لە ژێر سێبەری هاوپەیمانی كوردستان كۆبووینەتەوە هیوادارین ئەم هاوپەیمانییە ببێتە مایەی خۆشی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان”.
راشیگەیاند: ئەم هاوپەیمانییە تەواوكەری ڕێككەوتنی مام جەلال و كاك نەوشیروانە.
وتیشی: ئەگەر یەكڕیز نەبین ناتوانین ئامانجەكان بەدەستبهێنین، ئەگەر كورد یەكدەنگ بێت لە بەغدا دەتوانین یەكلاكەرەوە بین
لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەکرد: ئەركی هەمووانە ئەم هاوپەیمانییە وەك بیلبیلەی چاومان بیپارێزین.
هاوکات عومەر سەید عەلی رایگەیاند: “دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ یەکێتی گەیشتین بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان بە خوێندنەوەی واقعی هەرێم و بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتەکانی کورد لە بەغدا، بە پێویستمان زانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە هاوپەیمانێتییەکدا کۆبینەوە، سەرەنجام ئەوەی بەدەستهات ئەم رێککەوتنەبوو، کە بەشێکە لە یەکخستنی خەباتی گەلی کوردستان بۆ داکۆکیکردن و زامنکردنی مافە دەستووریی و سیاسییەکان، بەتایبەت ناوچە دابڕێندراوەکان کە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، هەربۆیە دەرفەتێکمان لەبەردەستدایە لەدوای هەڵبژاردن، جارێکی دیکە لە بەرەیەکی بەرفراوانی کوردستانی کۆبینەوە و لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی هاووڵاتیانمان وتارێکی یەکگرتووی کوردستانی بۆ بەغدا دابڕێژینەوە”.
ناوبراو وتیشی: “هاوپەیمانی کوردستان بەرهەمی بڕوای سیاسیمانە بۆ کاری هاوبەش و یەکخستنی توانای سیاسی و جەماوەری و میدیایی بە ئامانجی سەرخستنی کاندیدەکانمان لەم هەڵبژاردنە، وێڕای پێزانینمان بۆ سەرکردایەتی یەکێتی کە بە ئەقڵێکی کراوەوە ئەم رێککەوتنەیان پەسەندکرد، داوا لە جەماوەری گۆڕان و یەکێتی دەکەین هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانێتییەکە لە هەڵبژاردن”.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
3 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
4 hours لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
June 3, 2026
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
3 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
4 hours لهمهوپێش


