مانگێكە چارەنووسی سێ‌ دەستگیرکراوی پەیەدە لە فڕۆكەخانەی هەولێر ناديارە

0
830

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە مانگێك بەسەر دەستگیركردنی سێ‌ نوێنەری پەیەدە و خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لە فڕۆكەخانەی هەولێر تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا چارەنووسی ئەو دەستگیركراوانە بەنادیاری ماوەتەوە، نوێنەرانی پەیەدەش دەڵێت بەرپرسانی پارتی لەو كارە بەرپرسیارن و تا ئێستا هیچ ڕوونكردنەوەیان پێنەداوین.

نوری ئەسعەد، نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “دوای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر دەستگیركردنی ئەو ئەندامانەماندا تا ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هیچ هێزێكی دیكەی ئەمنی ناو فڕۆكەخانەی هەولێر روونكردنەوەمان پینەدراوە ئاخۆ ئەو ئەندامانەی ئێمە لەسەر چی و لە ژێر چ بیانوویەكدا دەستگیركراون، بۆیە پاراستنی گیانی ئەو ئەندامانەی ئێمە لە ئەستۆی ئەو هێزانەدایە كە ئەندامەكانیان دەستگیركردوین”.

ئاماژەی بەوەشكرد: “فەرمانگەی پەیوەندییەكانی خۆبەڕێوبەریی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حكومەتی هەرێم كردووە كە چارەنووسی نوێنەر و ئەندامەكانمان ئاشكرا بكات، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، بۆیە ئەم هەڵسوكەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێچەوانەی بەها نیشتمانییەكان و تێكۆشانی هاوبەشە بۆ پرسی كورد”.

هەر لە دوای دەستگیركردنی ئەو ئەندامانەی پەیەدە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پارتی یەكێتی دیموكراتی- پەیەدە، راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی ئەندامەكانیانەوە بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد: “گرتنی ئەندامەكانیان لەلایەن هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەكاتێكدایە، هەوڵ بۆ سەرخستنی دیالۆگی كوردی-كوردی هەیە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەو جۆرە كردەوانە دەبنە هۆی بڵاوكردنەوەی تۆوی دووبەرەكی ‌و خزمەت بە دوژمن دەكەن كە بە تەواوی پارتی لێی بەرپرسیارە”.

رۆژی 6/10ی ئەمساڵ هەریەكە لە ( مستەفا عوسمان) نوێنەری پەیوەندییەكانی پەیەدە لە هەولێر و (جیهاد حەسەن)، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموكراتی لە هەولێر و (مستەفا عەزیز) ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیركران، ئەوەش لەكاتێكدا بوو كە ئەو سێ ئەندامەی نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی و پەیەدە بەمەبەستی پێشوازییكردن لە میوانێكیان چووبوونە فڕۆكەخانەی هەولێر، كە لەوكاتەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەستگیركران.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this