سەدر بە مەرج دەگەرێتەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی عێراق

0
1048

SNN

دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر بڕیارەکەى موقتەدا سەدر بە بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق و بڕیارى کۆمسیۆن لەبارەى نەمانى کاتى کشانەوە، هەوڵى نێوخۆى و دەرەکى بۆ پاشگەزبوونەوەى سەدر لە بڕیارەکەى چڕبووەتەوە، بەپێى سەرچاوە ئاگادارەکانیش لە ئەگەرى گەڕانەوەى سەدردا بۆ بەشدارى لە پڕۆسەکە چەند مەرجێکى دەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادارى سیاسى عێراقى لە شارى نەجەف و بەغداوە بە ڕۆژنامەی العربي الجديد-یان ڕاگەیاندووە، پەیوەندى بەردەوام لەنێوان موقتەدا سەدر و لایەنە سیاسیە جیاوازەکانى عێراقدا بەردەوامە سەرباری ئەوەى بە سەردانێکى تایبەت ڕۆژى دووشەممەى ڕابردووەوە چووەتە لوبنان، لە پەیوەندییەکاندا تاوتوێ بڕیارەکەى ئەمدواییەى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى دەستەى سیاسى ڕەوتى سەدریشەوە کراوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەکەی ڕوونکردووەتەوە، وەڵامى ئەو پەیوەندیانەى بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەى بە بەڵێ یاخود نەخێر نەداوەتەوە، لەبارەى ئەو کەسانەى کە پەیوەندى بەسەدرەوە دەکەن سەرچاوەکە وتووشیەتى، “ئەوانە چەندین کەسایەتى کاریگەرى ناعێراقیشیان تێدایە و فشارى لێ دەکەن بۆ ئەوەى لە بڕیارەکەى بکشێتەوە و لە لوبنانیش ئەو پرسەى لەگەڵدا تاوتوێ دەکرێت.”

سەرچاوەکە باسى لەوەش کرد، پێدەچێت موقتەدا سەدر لەژێر ئەو فشارانەدا بڕیارى گەڕانەوە بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو بەڵام ئەوەش بە مەرج دەبێت کە گرێدراوى چەند پرسێکە لەوانە ڕێکخستنەوەى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان و دوورخستنەوەى گروپە چەکدارەکان بۆ ئەوەى کاریگەرى نەکەنە سەر کۆى پڕۆسەکە و هەروەها کۆتایهاتنى پشکپشکێنە لەپێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتتدا.

سەرچاوەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێز و لایەنە سیاسیەکان تەنانەت ئەوانەشى کە لەناوچەکانى باشوور و ناوەڕاست کێ بەرکێ لەگەڵ سەدردا دەکەن ئارەزووى گەڕانەوەى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ ئەوەى وەکو هێزێکى ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵى داهاتوو بمێنێتەوە، بەرپرسێکى ترى ئاگادارى بەماڵپەڕەکەى ڕاگەیاندووە، هەڵوێستى عەلى سیستانى مەرجەعى شیعەکان لەنەجەف ئەوەیە، بەڕێکردنى هەڵبژاردنێکى پاک و بێ ساختەیە کە عێراقییەکان لێ ڕەزامەندبن و بەشدارى زۆرى تێدا بکەن.

سەرچاوەکە دەشڵێت، لە ئایندەیەکى نزیکدا گۆڕانکارى لە هەڵوێستى موقتەدا سەدر لەبارەى بڕیارى بایکۆتى هەڵبژاردنەکەوە دێتە ئاراوە.

لەبارەى سەرکەوتنى هەوڵەکان بۆ پاشگەزبوونەوەى موقتەدا سەدر لەبڕیارەکەى، ئەحمەد شەریفى شارەزا لەکارووبارى سیاسى عێڕاق بەماڵپەڕەکەى وتووە، بڕیارەکەى سەدر مانۆڕێکى سیاسیە بۆ ئەوەى ئاستى بەشدارى خەڵک لە هەڵبژاردنەکە و پشتیوانیەکانى بزانێت و بڕیارى گەڕانەوەشى کاریگەرى خۆى دادەنێت بەڵام هەندێک لایەنە ئەوە دەقۆزنەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکە و دووریش نیە لەئایندەیەکى نزیکیشدا چەند لایەن و کەسایەتیەکى تریش بکشێنەوە.

ڕۆژی 5ی تەموزی 2021، لەمیانەى وتارێکیدا، موقتەدا سەدر، ڕابەرى ڕەوتی سەدر کشانەوەى خۆى لەپڕۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەختە و کابینەکەى کازمى ڕاگەیاند و وتیشى، “ئەوەى ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات دەکەوێتە چوارچێوەى پلانێکى شەیتانیی نێودەوڵەتیەوە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this