وەزارەتی کارەبا لەبارەی پێوەری زیرەکەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

0
813
کارەبا

SNN

وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی پێوەری زیرەکی کارەباوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ” پرۆژەی پێوەری زیرەكی کارەبا یەكێکە لە پرۆژە گرنگ و سەركەوتووەكانی کەرتی کارەبای هەرێمە و رۆڵێکی گرنگی بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا هەیە”.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە: “تا ئێستا لە79% ی پڕۆژەکە تەواو بووە و تەواوی تایبەتمەندییەکانیشی بەگەڕ نەخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە رێژەیەكی بەرچاو سەرپێچی لەسەر تۆرەکانی كارەبا و زیانگەیاندن بە ئامێرەکانی کارەبا لەوانە سوتانی گۆڕەری گەڕەکەکان و ئۆڤەرلۆد بوونی فیدەرەکان کەم بکاتەوە و دادپەروەری لە دابەشکردنی كارەبا بەدی بێنێت. پێوەری زیرەک بەهۆی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی، نارازی بوونی ئەو کەسانەی لێ کەوتووەتەوە، کە ساڵانێکە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی گشتی، بە سەرپێچی یاسایی، کارەبا دەدزن و پارەی کرێی کارەبا نادەن و مافی خەڵکی دیکەیان پێشێل دەکرد”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو: کەمی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا و بەرزبوونەوەی ژمارەی هاوبەشانی کارەباوە هەیە. هەروەها بەلارێدا بردنی ڕای گشتی بە ئەنقەست بێت، یان لە نەزانینەوە بێت، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پاڵنەرانی ئەم بابەتە، هێشتا لە کار و ئەرکی پڕۆژەی پێوەری زیرەک تێنەگەیشتوون و نازانن ئەرکی ئەم پێوەرە لە کەرتی کارەبادا لەپاڵ بەشەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن چییە.

وەزارەتەکە دەڵێت: پێوەری زیرەک لەم ساتەوەختە هەستیارەدا، کە بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا نیوەی خواست لەسەر کارەبا پڕ دەکاتەوە، رۆڵێکی گرنگی لە نەهێشتنی بە فیڕۆدانی کارەبا و پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە لە تێکچوون و سوتان و سەرپیچی گێڕاوە.

ئاماژەی بەوەشداوە: تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، لە ساڵی 2018  زیاتر لە 50 فیدەر ئۆڤەرلۆد بووە،  100 سەرەمحاویلە لەسەر بووە. لەساڵی 2021 بەهۆی بوونی پێوەری زیرەکەوە، بۆ 10 سەرەمحاویلە و 10 فیدەری ئۆڤەرلۆد و سوتانی تەنیا محاویلەیەک کەم بووەتەوە.

لە درێژەی روونکردنەوەکەیدا وەزارەتەکە رایگەیاندووە: پێوەری زیرەک ئاستی بەکارهێنانی کارەبای کۆنترۆڵ کردووە، بۆ ئەوەی کە هەر هاوبەشێکی کارەبا بە پێی مافی خۆی کارەبا وەربگرێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر، مافی گشتی و دراوسێکانی پێشێل نەکات. بە نەبوونی پێوەری زیرەک، دۆخی کارەبا بەهۆی لە ئاستی پێویستدا نەبوونی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی خواست و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا و زۆربوونی سەرپێچی، زۆر خراپ دەبوو. تەواوی تایبەتمەندییەکانی پێوەری زیرەک بۆ رێکخستن و کۆنترۆڵی کارەبا، ئەو کاتە سوودەکانی بەدەر دەکەوێت کە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئاستی پێویستدا بێت.

راشیگەیاندووە: وەزارەتی کارەبا لەگەڵ ئەوەی کە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات، لە هەوڵی بەرزکردنەوە ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان دایە بۆ چۆنییەتی بەکارهێنانی کارەبا و ناساندنیان بە بەشە جیاوازەکانی کارەبا و ئەرکەکانی هەر یەک لەم بەشانە. لە ئەگەری هەر جۆرە زیان گەیاندنێکیش بە تۆڕ و ئامێرەکانی کارەبا، سەرەتا زیان بە کارەبای ماڵەکەی خۆی دەگەیەنێت و رێکاری یاساییش بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.

 

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this