بافڵ جەلال تاڵەبانی پەيامێکی بەبۆنەی ساڵيادی مورافەعە گەورەکەی مام جەلال بڵاوکردەوە

0
436
SNN

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەيامێکی بەبۆنەی 18ەهەمين ساڵيادی مورافەعە گەورەکەی مام جەلال بڵاوکردەوە و رايگەياند: کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی بەردەواممان و خۆمان بەخاوەنی راستەقینەی کەرکوک دەزانین.

دەقی پەيامەکە:

18ساڵ لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال، یەکەمین بەردی بناغەی خەباتی یاسایی، دەستووریی و مێژوویی کوردستانیی بوونی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی لە مێژووی عێراقی نوێی پڕ ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی دانا و بە پشتبەستن بە بەڵگە و نەخشەی مێژوویی، کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماندووە.

ئەم دەستکەوتە مێژووییە کە بە (مورافەعە) گەورەکە ناودەبرێت، بەرئەنجامی خەباتی دەیان ساڵەی بەردەوامی مام بوو لەپێناو مانەوەی کورد، خاک، زمان و پێکەوەژیان لەو شارەی کە ناسنامەی قودسی پێبەخشیبوو.

ئەمڕۆ بەشانازییەوە ئەم یادە بەرز رادەگرین و لەبەردەم رۆڵی مێژوویی سەرۆک مام جەلال-دا بەڵێن دەدەین، وەفاداری ئەم خەباتە بەردەوامە بین کە قوربانی بۆ دراوە!

کەرکوک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئێمەش بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی بەردەواممان و خۆمان بەخاوەنی راستەقینەی کەرکوک دەزانین، چۆن باوک و باپیرانمان جێیان نەھێشت و قوربانییان بۆ داوە، ئێمەش جێی ناھێڵین و پارێزگاری لە کوردبوونمان و پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکان دەکەین، ئاشتی کۆمەڵایەتی لەو شارە لەپێشینەی کارەکانمان دەبێت. ئەمڕۆش لە پاڵ راپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان خەممان خەمی ژیان و ئارامی خەڵکی کەرکوک دەبێت.

کەرکوک و کەرکوکییەکان وەک وتومانە ھێڵی سوورە و سازش لەیەک بستی خاکی خۆمان ناکەین کە بە خوێن کوردستانی بوونمان دووپاتکردەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

٩ی ٢ی ٢٠٢٢

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this