فه‌یسبووك ملیۆنان به‌كارهێنه‌ر له عێراق له‌ده‌ستده‌دات

سامانى زوكه‌ربێرگ، دامه‌زرێنه‌ر و خاوه‌نى كۆمپانیاى فه‌یسبووك | فۆتۆ: catwalker / Shutterstock
SNN
به‌گوێره‌ى ئامارێكى سه‌نته‌رى دیجیتاڵ میدیاى سه‌ربه حكومه‌تى عێراق رێژه‌ى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له عێراق له هه‌ڵكشاندایه و نزیكده‌بێته‌وه له 30 ملیۆن كه‌س له كۆى 41 ملیۆن هاووڵاتى.
به‌پێى ئامارێكى سه‌نته‌رى تایبه‌تى دیجیتاڵ میدیا سه‌ربه حكومه‌تى عێراق كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بڵاوكراوه‌ته‌وه، “ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له عێراق له هه‌ڵكشانى به‌رده‌وامدایه، به‌شێوه‌یه‌ك له كۆى 41 ملیۆن هاووڵاتى نزیكه‌ى 30 ملیۆن هاووڵاتى به‌كارهێنه‌رن و هه‌ژماریان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌یه”.
سه‌نته‌ره‌كه ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه، “رێژه‌ى به‌كارهێنه‌رى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ماوه‌ى رابردوودا 3 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س زیادیكردووه، به‌شێوه‌یه‌كى گشتى سه‌رجه‌م تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌كارهێنه‌ریان زیادیكردووه، به‌ڵام له‌نێویاندا تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك زۆرترین به‌كارهێنه‌رى له‌ده‌ستداوه”.
سه‌نته‌رى تایبه‌تى دیجیتاڵ میدیا سه‌ربه حكومه‌تى عێراق ئامارى به‌كارهێنه‌رانى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى ئاماژه پێكردووه له‌و راپۆرته‌ى بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه تێیدا هاتووه، “تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك خاوه‌نى 18.85 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره، ئینستگرام خاوه‌نى 15.45 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره، به‌كارهێنه‌ره‌كانى سناپچات ژماره‌یان ده‌گاته 13.8 ملیۆن به‌كارهێنه‌ر، تویته‌ر خاوه‌نى 1.9 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره، 1.4 ملیۆن كه‌س به‌كارهێنه‌رى لینكید ئینن، فه‌یسبووك مێسنجهریش خاوه‌نى 16.15 ملیۆن به‌كارهێنه‌ره”.
سه‌نته‌ره‌كه له‌باره‌ى ئه‌و تۆڕه‌ى كه ژماره‌ى به‌كارهێنه‌ره‌كانى له گه‌شه‌دایه و ئه‌وه‌شى كه به پێچه‌وانه‌وه به‌كارهێنه‌ر له‌ده‌ستده‌دات ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، ” له عێراق به‌كارهێنه‌رانى سناپچات و ئینستگرام له گه‌شه‌كردنى ته‌واوه‌تیدان، به‌ڵام فه‌یسبووك و فه‌یسبووك مێسنجه‌ر له پاشه‌كشه‌دان، چونكه له سه‌ره‌تاى ساڵى نوێوه تاوه‌كو ئێستا دوو ملیۆن به‌كارهێنه‌ریان له‌ده‌ستداوه”.
موعمار شوكر، شاره‌زاى ئاسایشى ئه‌لیكترۆنى له عێراق له‌باره‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى به‌كارهێنه‌رانى فه‌یسبووك ده‌ڵێت: “تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك خۆشى هه‌ستى به‌م بابه‌ته كردووه، به بۆچوونى من هۆكارى سه‌ره‌كى له‌پاڵ گه‌شه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى تر بریتیه له بابه‌تى نه‌مانى متمانه‌ى هاووڵاتییان به تۆڕه‌كه، چونكه ئێستا ترسى ئاشكرابوونى زانیارییه‌كان و چاودێریكردنى تۆڕه‌كه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه له‌نێو هاووڵاتییاندا زۆر بڵاوه”.


