جوتیار عادل “سیاسەتی نەوتی هەرێم راست و دروست بووە و بەردەوام دەبین”

جوتیار عادل
SNN
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: “حکومەت دڵنیایە لەو گرێبەستانەی کە ئەنجامیداون چونکە پشتی بەدەستوور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستووە، بۆیە “ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو ئەو سیاسەتەی کردوومانە سیاسەتێکی راست و دروست بووە، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە بڕیارێکی سیاسیی دەیبینین، بێگومان ئەوە پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی دیکە و چەند رەھەندێکی سیاسیی ھەیە”.
جوتیار عادل ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندوە: “دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا “دۆسیەکی ئاڵۆزە و ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام بوین لەم بابەتە و گرفتێکمان هەبوو لەگەڵ حکومەت، هەربۆیەش لە شوباتی 2007 بەیەکەوە رەشنوسێکی یاسای نەوت و غازی عێراقمان داڕشت، بەڵام تاکلایەنە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەم رەشنووسە هەموارکرایەوە کە ئەمەش وایکرد ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی لە بەهایەکەی بەتاڵ بکاتەوە، بۆیە ئەو رەشنووسەی کە پێشتر لەسەری رێککەوتبوین، جێبەجێ نەکرا”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە ماددەکانی 112،111،110 ی دەستوور بەشێویەکی روون باس لەوەکراوە کە، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە سیاسەت و ستراتیژیەتی گەشەکردن بە کەرتی نەوت و غاز بدەن، بێگومان ئەمە دەسەڵاتێکی تایبەت نیە بە حکومەتی فیدڕاڵی بەڵکو دەسەڵاتێکی هاوبەشە و لەدەستووردا هاتووە، هاوکات ئێمە لەسەردەمی حکومەتەکەی مالکی رێککەوتنمان کرد کە، تا یاسای نەوت و غازی عێراق دەردەچێت، هەر لایەک بۆی هەیە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و غازدا بکات، هەر بۆیەش ئەو کێڵگانەی کە پێویست بو گەشەی پێبدرێت، ئەوا هەرێمی کوردستان ئەو کێڵگە نوێیانەی گەشەپێداوە، چونکە لە دەستووردا ئاماژە دەکات کە تەنها ئەو کێڵگانەی کە هەن، عێراق بۆی هەیە گەشەی پێبدات، نەک ئەوانەی نوێیە”.
وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت، “بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسی بووە و “ئێمە لە حکومەتی هەرێم بە ئاشکرا ئەم بڕیارەمان رەتکردەوە و لەلای ئێمە قبوڵکراو نیە، چونکە پشت بە هیچ بنەمایەکی دەستووری نابەستێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتەکانی دەستووریی هەرێم لەم بوارەدا رەچاونەکراوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگا تانەی لێ نادرێت چونکە دەسەڵاتی باڵایە، بەڵام ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەڵوێستی خۆمان روونکردوەتەوە و نایشارینەوە، داداگای فیدڕاڵیش لە رۆحی دەقەکانی دەستووردا لایەنگیریی دەکات کە بەداخەوە ئەمە جێگای قبوڵ نییە”.
لەبارەی پابەندبوونی حکومەتیش بەرامبەر کۆمپانیاکانی نەوت، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ئێمە پابەندین بەو ئەرکانەی لە بەرامبەر ئەو کۆمپانیا و وڵاتانەی کە هەمانە، ئەو پابەندبوونە بە نیسبەت حکومەتەوە ئەولەویەتی هەیە و دڵنیایان دەکەین پابەندین لەسەر ئەرکەکانمان، هاوکات حکومەتی هەرێم لەسەر ئەم بابەتە، چ لەسەر بنەمای دەستوور بێت کە ئێمە دڵنیاین لەو گرێبەستانە پشتمان بەدەستوور و یاسای نەوت و غازی هەرێم بەستووە، بۆیە ئێمە بە قەناعەتێکی تەواو ئەو سیاسەتەی کردومانە سیاسەتێکی راست و دروست بووە”.

