
SNN
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، بەهۆی گەنەیەکەوە کە ڤایرۆسەکەی هەڵدەگرێت لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناکەوێت، بەڵام لە مرۆڤدا نیشانەکان دەردەکەون و تا ئێستاش چەند حاڵەتێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
دکتۆر سەیفەددین محێددین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە لە عێراق بۆ یەکەمجار ئەم نەخۆشییە لە ساڵی 1979 دۆزرایەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشێک و دوو کارمەندی تەندروستی، ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکان، پێویستە کەسی تووشبوو سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت.
دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی تای خوێنبەربوون لە لێدوانێکدا وتی: “تای خوێنبەربوون نزیکەی 25 ڤایرۆسە، ئەو جۆرەی لەلای ئێمە بوونی هەیە پێی دەڵێن ‘crimean congo hemorrhagic fever’ کە لە رێگای گەنە یان قڕنە دەگوازرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی 70٪ ئەم نەخۆشییە بە رێگای گەنە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، هەرچەندە نیشانەکانی لەسەر ئاژەڵ بەدیار ناکەوێت، بەڵام کاتێک مرۆڤ ئاژەڵەکە سەردەبڕێت یان بەخێوی دەکات لە رێگای ئەو گەنەیەوە دەگوازرێتەوە”.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر لەبارەی نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەوە وتی: “نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتیین لە تا، بێهێزی، ژانەسەر، بێتاقەتی، رشانەوە و ئازاری جەستە، دواتر نیشانەکان دەگۆڕدرێن و نیشانەکانی خوێنبەربوون دەست پێ دەکات بەجۆرێک لەژێر پێست پەڵەی شین دەردەکەوێت، رەنگی میز خوێناوی دەبێت و دواتریش لە لووتی خوێنپژان روودەدات، چاوەکانی سوور هەڵدەگەڕێن و هەرچی بۆشایی ناو لەشی هەیە خوێنی تێدەزێت”.
دکتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەخۆشییە لە رێگای هەواوە ناگوازرێتەوە بەڵکو لە رێگای خوێن و شلەکانی دیکەی لەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەوە دەگوازرێتەوە.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین باس لەوەش دەکات کە ئەم نەخۆشییە پێش 42 ساڵ بۆ یەکەمجار لە عێراق دەست نیشان کراوە و لەمبارەیەوە دەڵێت “ئەم نەخۆشییە لە عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1979 دۆزرایەوە، کاتێک ئافرەتێکی دووگیانیان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی یەرمووک لە بەغدا، دوای دوو رۆژ ئافرەتەکە گیانی لەدەست دا، دوو رۆژ دواتر پزیشکێک و پەرستارێک لە هەمان نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا و دواتر شەشی کەسی دیکەش تووشبوون، واتا ئەو ساڵە 10 کەس تووش بوون، ئیتر لەم ساڵە بەدواوە ئەم نەخۆشییە لە عێراق بڵاوبووەوە”.
گوتیشی: “لە ساڵی 1989 من بۆخۆم ئەو نەخۆشەم بینیووە لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر، لەوکاتەوە تا ئێستا 11 حاڵەتمان هەبووە لە ساڵی 2011 سێ حاڵەتمان هەبوو کە هەر سێ حاڵەت چاکبوونەوە، بەگشتی توێژینەوەکان دەڵێن رێژەی مردن لەم نەخۆشییە لەسەدا 10 بۆ سەدا 40 دەبێت، بەڵام ئەوەی لە عێراق هەیە رێژەی مردن لەسەدا ٣١ دەست نیشان کراوە”.
دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی خۆپارێزی لە تووشبوون بەم نەخۆشییە وتی: “بەهۆی ئەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بۆیە ئەوانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە وەک قەسابەکان و ئەوانەی ئاژەڵ بەخێودەکەن، زیاتر مەترسی تووشبوونیان هەیە، بۆیە قەسابەکان دەبێت دەستەوانە، جلوبەرگ و پێڵاوی تایبەت بەکاربهێنن، هەروەها چاویلکەش بەکاربهێنن، چونکە ئەگەر لەکاتی وردکردنی گۆشتەکەدا پارچەیەکی بچووک لە گۆشتەکە بپەڕێتە نزیک چاو، ئەوا ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو چاو و تووشی نەخۆشییەکە دەبێت”.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین باسی لەوەکرد: “پێشتر لە گوندەکان حەوزی تایبەت هەبوو کە دەرمانی تایبەتی تێدەکرا و ئاژەڵەکان بەناویدا دەرۆیشتن و هەرچی گەنە هەبوو ئەو دەرمانە دەیکوشت، ئێستاش عێراق بەنیازی دووبارەکردنەوەی هەمان بەرنامەیە، ئەو دەرمانە هەیە، بەڵام خەڵک کەمتر بەکاری دەهێنێت، بە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە رێژەی ئەم ڤایرۆسە دادەبەزێت”.
دکتۆر سەیفەددین محێددین ئاماژە بەوەش دەکات کە وا باشترە گۆشتی ئاژەڵ راستەوخۆ نەخورێت بەڵکو لەناو ساردکەرەوە دابنرێت، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەهۆی کوڵانەوە راستەوخۆ ڤایرۆسەکە لەناودەچێت و وتی: “وا باشترە کە ئەو گۆشتەی دەیکڕین راستەوخۆ نەخورێت، بەڵکو لە بەفرگر هەڵبگیرێت لە چوار تا هەشت پلەی سەدی، ئینجا دوای 24 کاتژمێر بخورێت، هەرچەندە ڤایرۆسەکە بە کوڵاندنی 100 پلەی سەدی لەناو دەچێت، بەڵام باشتر وایە گۆشت راستەوخۆ نەخورێت”.
بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی ھەولێر، دکتۆر سەیفەددین محێددین لەبارەی کاتی سەرهەڵدان و نەمانی ئەم ڤایرۆسەوە وتی: “ئەوەی پێشتر بینیوومانە ئەم ڤایرۆسە لە وەرزی هاوین دەردەکەوت لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول، بەڵام ئەو حاڵەتەی ساڵی 2020 لە هەولێر هەبوو لە مانگی نیسان بوو، پێدەچێت گۆڕانی ئاووهەوا بووبێتە هۆی گۆڕینی وادەی دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە”.
دکتۆر سەیفەددین محێددین بە پێویستیشی دەزانێت کە شوێنە نایاساییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ نەهێڵدرێت و جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تیمەکانییان دەستیان کردووە بە پشکنینی شوێنەکان و وتی: “دەبێت شوێنی سەربڕینی نایاسایی دابخرێت، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی چاودێریی تەندروستیی خۆراک لە پێش جەژنەوە دەستیان بە پشکنین کردووە کە ئاژەڵ لە گەڕەکەکان سەر نەبڕدرێت و چاودێری دوکانی گۆشتفرۆشییەکانیش دەکرێت”.
More News
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
4 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
9 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
9 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئایەتوڵڵا فەییاز هێمای میانڕەوی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بوو
4 hours لهمهوپێش -
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
9 hours لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
9 hours لهمهوپێش


