“هیچ ئامادەكارییەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێم نەكراوە”

0
594

SNN-عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە ماوەی كەمتر لە چوار مانگ ماوە لەو وادەیەی سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بە وتەی وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە هاوكات جەختیش دەكاتەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی ستاندارد بەڕێوەبچێت بەلایەنی كەم پێویستیمان بە ماوەی شەش مانگ دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاری.

شێروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە 1/10/2022 دیاركراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەكاریمان بۆ هەڵبژاردن نەكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تائێستا لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەڵاممان نەدراوەتەوە بۆ دەستكردن بە ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەتایبەت لەباری یاسای هەڵبژاردن و چۆنیەتی كاركردن لە سیستەمی یەك بازنەیی یاخود فرە بازنەیی كەئەوەش لەلایەن پەرلەمانەوە یەكلایی دەكرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكرد: تائێستا هیچ ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە چونكە هەتا ئەوكاتەی چارەنوسی كۆمیسیۆنی هەلبژاردن و ڕاپرسی یەكلایی نەكرێتەوە ناتوانین هیچ كارێك ئەنجام بدەین، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی كاری ئەم كۆمیسیۆنەی ئێستا بدەن یاخود هەندێك گۆڕانكاری لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بكرێت.
ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی و ڕاپرسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو: بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا بەلایەنی كەم پێویستیمان بە ماوەی شەش مانگ دەبێت بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و تەواكردنی كاروبارە هونەریەكان و تەرخانكردنی بودجەی پێویست، بۆیە دەبێت بەزوترین كات چارەنوسی كۆمیسیۆن یەكلایی بكرێتەوە بەپێچەوانەوە ناتواندرێت هەڵبژاردن لەو وادەیە بەڕێوەبچێت كە دیاریكراوە.

رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق واژۆ كرد، لە فەرمانەكەدا هاتووە: بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، رۆژی 1/10/2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this