نوێترین زانیاری لەبارەی سلێمان هەڵشۆییەكەی دەربەندیخان

0
802

SNN-عەلی حەمە سەعید

هاوشێوەی ئەو كەیسەی كە سالی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین تۆماركرا و كەسێك بەناوی ( سڵێمان هەڵشۆیی) بە ملیۆنان دینار و دۆلاری هاووڵاتیانی بر، چەند ڕۆژێكیشە لە قەزای دەربەندیخان كەسێكی دیكە، بەهەمان شێوەی سڵێمان هەڵشۆیی بەسەدان هەزار دۆلاری هاووڵاتیانەوە بردووە ماوەی چەند ڕۆژێكە بێسەروشوێنە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە ژمارەیەك هاووڵاتیاتی کە مامەڵەيان لەگەڵ ئەو کەسەدا هەبووە بە SNN دراون ئەوە خراوەتەڕوو: ماوەی چەند مانگێكە كەسێك بەناوی( ع، ع) بە سەدان هەزار دۆلاری لە زیاد لە 30 هاووڵاتی قەزای دەربەندیخان و دەوربەری وەرگرتووە و بەڵێنی ئەوەی پێداون كە لە ئێرانەوە خۆراك و سەوزەو میوە هاوردە دەكات و لەبری ئەو بڕە پارانەی لێیانی وەرگرتووە قازانجێكی زۆریان دەداتەوە، سەرەتای كارەكەش بە ئاسایی بەڕێوەچووە و هیچ گرفتێك دروست نەبووە بەجۆرێك وەك دروستكردنی متمانەی تەواوەتی لەكاتی خۆیدا بڕی پارەی قەرزەكەو لەگەڵ بڕی قازانجی گەڕاندووەتەوە بۆ ژمارەیەكی كەم لەو هاووڵاتیانەی پارەیان پێداوە.

ئاماژەبەوەشكراوە: دوای ئەوەی ئەو هاووڵاتییە زانیویەتی بڕی پارەقەرزەكانی زۆر زیادیكردووە و گەیشتووە سەدان هەزار دۆلار، ماوەی چوار ڕۆژە نەگەڕاوەتەوە بۆ قەزای دەربەندیخان و بێسەروشوێنە، ئەمەش گرفتێكی زۆری لەنێو ئەو هاووڵاتیانە دروستكردووە كە لە لایەك پارەی قەرزیان بەو هاووڵاتییە داوە و لەلایەكی دیكەش ئەو هاووڵاتیانەی بوونەتە كەفیلی هاووڵاتییە هەڵهاتووەكە.

SNN ئەوەشی زانیوە كە ئەو هاووڵاتییەی پارەی بەقەرز بردووە و لە ئیستادا دیارنییە خۆی وەك كەسایەتییەكی ئاینی ناساندووە و لە بنەڕەتدا خەڵكی قەزای سەیدسادقە، بەڵام لە ماڵی كەسایەتییەكی دیاری ئاینی قەزای سەیدسادقیش تێكەڵاوی زۆری لەگەڵ هاووڵاتیاندا درستكردووە و متمانەیەكی باشی لای هاووڵاتیان دروستكردووە، هاووڵاتی هەیە ئەوەندە متمانەی پێكردووە بە تەنها زیاد لە 100 هەزار دۆلاری بە ( ع، ع) داوە.

بۆوەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر وردەكاری كەیسەكە SNN پەیوەندی بە پۆلیس و یەكە ئیدارییەكانی قەزای دەربەندیخانەوە كرد بەڵام ئامادەنبوون هیچ وردەكارییەك لەسەر ئەو بابەتە بخەنەڕوو بە بیانووی ئەوەی لەسەر داوای ئەو كەسانەی پارەكانیان براوە وردەكاری دۆسیەكە نەدرێتە ڕاگەیاندنەكان بەڵكوو لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆخۆیان هەستن بە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو هاووڵاتییەو گێڕانەوەی مافەكانیان.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this