نرخی مریشک بەرزبوویەوە بۆ نزیکی پێنج هەزار دینار

0
471
مریشک

SNN-عەلی حەمەسەعید

دوای ئەوەی لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا نرخی مریشكی زیندوو بۆ كەمترین نرخی دابەزی بەجۆرێك كە نرخی كیلۆیەك مریشك بۆ هەزار و900 دینار دابەزی، بەڵام چەند ڕۆژێكە دووبارە نرخی مریشك بەرزبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك مریشكی زیندوو بۆ چوار هەزار و750 دینار بەرز بووەتەوە، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمیش جەخت دەکاتەوە کە ناهێڵن نرخی مریشک زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئاری ڕەئوف، یەكێك لە مریشك فرۆشانی شاری هەڵەبجە بە SNN ی ڕاگەیاند: لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا نرخی مریشك بەجۆرێك دابەزی بوو كە ڕۆژانە بەلایەنی كەم زیادلە 500 مریشكان دەفرۆشت چونكە بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە خواستێكی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی مریشك زۆر بەرزبووەتەوە بەجۆرێك ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك مریشك بۆ چوار هەزار و750 دینار بەرزبووەتەوە، ئەمە وایكردووەكە بارزاڕی ئێمەش سست ببێت و فرۆشمان كەم ببێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەوەتەی نرخی مریشك گرانبووە ڕۆژانە 40 تا 45 مریشك دەفرۆشین، ئەوانەشی كە مریشك دەكڕن داهاتی مانگانەیان باشە یاخود بەهۆی میوانەوە ناچارن مریشك بكڕن، بەڵام هاووڵاتیانی ئاسایی كەمتر مریشك دەكڕن بەو نرخەی ئەمڕۆ، بۆیە هەتا نرخی مریشك هەرزان بێت بۆ ئێمەش باشە و بۆ هاووڵاتیانیش  خواستی زۆری لەسەر دەبێت.

لای خۆیەوە سۆران عەبدولغەفور، بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەی بە SNN ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان توشی زیانێكی زۆربوون و بەشێكیان كێڵگەكانیان داخست، لە ئێستادا مریشك كەمبووەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا خواست لەسەر مریشك زیادبووە ئەمە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی زیندووە.

هەرلەو بارەیەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ڕاگەیاند، کە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەکۆڵنەوە و هەرکارئاسانییەکیش پێیان بکرێت بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرریەکانی دەکەن،بەڵام ناهێڵن نرخی مریشک زیاتر بەرز ببێتەوە و هەوڵیش دەدەین نرخی مریشک زیاتر هەرزان بکەین.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this