بەرزی نرخی دۆلار نرخی خۆراک و کاڵاکان بەرزدەکاتەوە؟

0
515

عەلی حەمە سەعید-SNN

ماوەی چەند هەفتەیەک بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ناجێگرییان بەخۆیانەوە بینیوە و نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار زۆر بەرزبووەتەوە، بازرگانێکی هاوردەکردنی کاڵاو شمەک هۆشداری دەدات لە ئەگەری بەردەوامی بەرزی نرخی دۆلار لە دوو هەفتەی داهاتوودا نرخی کاڵاکانیش زۆر بەرز دەبنەوە دواجار هاووڵاتییان باجی بەرزی نرخی دۆلار دەدەن.

حەسەن موعتەسەم، یەكێك لە بازرگانانی هاوردەكردنی خۆراك و کاڵا لە ئێران و توركیاوە بۆ هەرێمی کوردستان بە SNN-ی ڕاگەیاند: بەگشتی نرخی كاڵاو شمەك بەتایبەت بابەتەكانی خۆراك لە برنج و زەیت و شیری وشكی منداڵ تا ئێستا بەرزبوونەوەیەکی زۆریان بەخۆیانەوە نەبینیوە بەراورد بە مانگی ڕابردوو، بەڵام ئەگەر نرخی دۆلار هەروا بەبەرزی بمێنێتەوە بەلایەنی کەم لە دوو هەفتەی داهاتوو کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەدیدەکەین و نرخەکان بەرزدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ئێمەی بازرگانان ئەو خۆراک و کاڵایانەی کە لەدەرەوە هاودەیان دەکەین بەدۆلار دەیکڕین و بەدینار دەیفرۆشینەوە بەهاووڵاتییان، ئەمە وادەکات کە ئێمە بەردەوام دۆلار بکڕین ئەگەریش نرخی دۆلار بەرزبێت ئێمەش ناچارین نرخەکان بەدینار بەرز بکەینەوە، ئەوەش وادەکات دواجار هاووڵاتییان باجی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بدەن.

ئەو بازرگانەی هاوردەكردنی بەرهەمە خۆراكییەكان ئەوەشی خستەڕوو، هاووڵاتییان واتێدەگەن كە بەرز بوونەوەی ئەو نرخانە لە سودی ئێمەی بازرگانانە، بەڵام بە پێچەوانەوە كاتێك نرخی كاڵاكان هەرزانتر بێت ئێمە زیاتر سودی لێدەبینین، چونكە كاتێك نرخەكان هەرزانتر بن بەكارهێنان زیاتر دەبێت ئەوكات هاوردەكردنیش زیاتر دەبێت، بەڵام كاتێك نرخەكان بەرزدەبنەوە بەكارهێنانیش كەمدەكات و ئێمەش ناچارین بڕێكی كەم هاوردەبكەین و سودێكی ئەوتۆ نەكەین.

وتەکانی ئەو بازرگانە لەکاتێکدایە ئێستا نرخی 100دۆلاری ئەمەریکی گەیشتووەتە 157 هەزاردینار.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this