كەریم عەلی: هیچ ئەگەرێك نييە دوای سەری ساڵ نەوت دابەشبکرێت

0
476

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی لیژنەی وەزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات تا ئێستا بڕی نزیكەی 15 هەزار لیتر نەوت بەسەر ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە كە بڕیاربوو 19 هەزار لیتر نەوت دابەشبكرێت، هاوكات پێویستیان بە 110 ملیۆن بەرميل نەوت دەبێت بۆ دابەشكردنی لە سەنتەری شارەكان تا ئیستا ئەو بڕە نەوتە بوونی نییە و هیچ ئەگەرێكیش نییە بۆ دابەشكردنی نەوت، غازی ماڵانیش بەشی پێداویستی هاووڵاتیان ناكات.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی وەزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە لەدوای سەری ساڵ دەستبكرێت بەدابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان، لەكاتێكدا هێشتا دابەشكردنی نەوت لەناوچە شاخاوییەكان كۆتایی نەهاتووە چونكە بڕیاربوو بڕی 19 ملیۆن لیتر نەوت دابەشبكرێت بەڵام تا ئێستا نزیكی 15 ملیۆن لیتر نەوت دابەشكراوە ئەوەش بەنرخێكی زۆر كە دەكرێت ناوی بنێین فرۆشتنی نەوت نەك دابەشكردنی نەوت.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێداویستی سنووری پارێزگای سلێمانی بە پارێزگای هەڵەبجەوە بۆ نەوت بریتیە لە 110 ملیۆن لیتر نەوت بۆ ئەوەی لەسەنتەری شارەكانیش دەستبكرێت بەدابەشكردنی نەوت، بەڵام تا ئەم ساتە ئەو بڕە نەوتە لە كۆگاكانی نەوت بوونی نییە و دیاریش نییە كەی ئەو نەوت دابيندەكرێت، بۆیە هەر قسەوباسێك كە دەكرێت گوایە لەدوای سەری ساڵ دەستدەكرێت بە دابەشكردنی نەوت نازانین لەسەر چ بنەمایەك ئەو بەڵێنانە دەدرێت بە هاووڵاتیان.

سەرۆكی لیژنەی وەزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت و هەروەها كەمبوونەوەی كارەبای نشتیمانی، هاووڵاتیان بەناچاری ڕوویان لەبەكارهێنانی غازی ماڵان كردووە، بەڵام ئەوەش بڕێكی كەم لەبەردەستدایە بە جۆرێك لە وەرزی زستاندا ڕۆژانە سنووری ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین پێویستیان بە نزیكەی 500 تۆن غازە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ڕۆژانە بڕی 230 تۆن غاز دابیندەكرێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this