پسپۆڕێكی ئابوری و دارایی: بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەڵاوسان لەبازاڕەكان زیاد دەكات

0
494

SNN-عەلی حەمە سەعید

مامۆستایەكی زانكۆ كە پسپۆڕە لەبواری دارایی و ئابوری ئاماژە بەوەدەكات لەبەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار فەرمانبەران زەرەر مەندی یەكەم دەبن و هاووڵاتیانیش باجی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەدەن، هاوكات هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم سودمەندی یەكەم دەبن، ئەگەر ئەم دۆخەش بەردەوام بێت هەڵاوسان لەبازاڕەكان زیاتر دەبێت.

د. خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕ لە بواری دارایی و ئابوری بەSNNی ڕاگەیاند: بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار تاڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بە خواست و خستنەڕوو هەیە، پێشتر بانكی ناوەندی ڕۆژانە زیاد لە 200 ملیۆنی دەخستە بازاڕەوە بەڵام ئێستا ئەو بڕەی بۆ كەمتر لە 100 ملیۆن كەمكردووەتەوە، ئەمە وایكردووە كە بازرگانان و هاووڵاتیان پێویستییان بە دۆلاربێت، لەكاتێكدا هاوردەكردنی كاڵا بۆ عێراق لە ولاتانی دیكەوە بە دۆلارە، بەڵام كە سیاسەتی بانكی ناوەندی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە نرخی دینار بەهاكەی خۆی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بابەتێكی زۆر گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە لەم بەرز بوونەوەیەی نرخی دۆلار هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم سودمەندی یەكەمن، چونكە لە %80 ی داهاتی عێراق لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوەیە، نەوتیش بەدۆلار دەفرۆشرێت، ڕۆژانە حكومەتی عێراق سێ‌ ملیۆن و حكومەتی هەرێمیش 500 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشن، كاتێك 100 دۆلار بە 157 هەزار دینارە ئەوا ڕۆژانە حكومەتی عێراق نزیکەی سێ‌ ملیۆن 10 هەزار دیناری و حكومەتی هەرێمیش 500 هەزار 10 هەزار دیناری زیاد دەچێتە سەرداهاتەكانیان، چونكە مووچە و خەرجەییەكانیان بە دینارە.

ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی و ئابوری ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامیدان بەم دۆخە لە زیانی هاووڵاتیان و ئەو فەرمانبەرانەدایە كە مووچەیەكی دیاریكراویان هەیە مووچەكانیان بەدینارە، بەڵام ئێستا نرخی 100 دۆلار كە پێشتر بە 147 هەزار دینار بووە ئێستا هەمان ئەو 100 دۆلارە بە نزیكەی 165 هەزار دینارە لەبازاڕەكانیش بەهێندەی ئەو 15 هەزار دینارە نرخی كاڵاو شمەك بەرز دەبێتەوە دواجار دەبێت هاووڵاتیان باجی ئەو بەرز بوونەوەیە بدەن و هەڵاوسانیش لەبازاڕەكان زیاتر دەبێت.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this