لە هەولێر نرخی كاڵاو شمەك بەڕادەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە

0
360

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، نرخی كاڵاو شەمەك لە بازاڕەكانی هەرێم بە تایبەت لەهەولێر بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، بەوتەی هاووڵاتیان بازرگانان ئەم بەرز بوونەوەیەی نرخی دۆلاریان زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورە كردووە و نرخەكانیاتن هێندە بەرزكردووەتەوە كە دۆلار هێندە بەرز نەبووەتەوە، لە سلێمانیش بە وردی چاودێری بازاڕ دەكرێت.

بەگوێرەی بەدواداچونەكانی SNNنرخی كاڵاو شەمەك لە بازاڕەكانی هەرێم بەڕێژەی زیاد لە %22 بەرزو بووەتەوە بە جۆرێك تەنەكەیەك ڕۆنی پێنج لیتری لە 15 هەزار دینارەوە بۆ 18 هەزار و تەنەكەیەك ڕۆنی 10 لیتری لە 30هەزار دینارەوە بۆ 36هەزار دینار و فەردەیەكی 20 كیلۆیی شەكر لە 25 هەزار دینارەوە بۆ 30 هەزار دینار بەرز بووەتەوە و كارتۆنێك دۆشاوی تەماتە هەشت هەزار دیناری چووەتە سەر، هەروەها كارتۆنێك زەیتی یەك لیتری لە 45 هەزار دینارە و بۆ  56 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، فەردەیەك برنجی 30كیلۆیی لە 58هەزار دینارەوە بۆ 67 هەزار دینار بەرز بووەتەوە.

یوسف قوربانی، یەكێك لە فەرمانبەرانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە شاری هەولێر بە SNNی ڕاگەیاند: نرخی كاڵاو شەمەك بەڕادەیەكی زۆر بەرز بووەتەوە ئەگەر ئەم دۆخە هەروا بەردەوام بێت ئەوا ئەو مووچەیەی وەریدەگرین بەشی كڕینی پێداویستییەكانمان ناكات بەتایبەت ئەگەر كەسێكی وەك من لە خانووی كرێدا بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕاستە نرخی دۆلار بەرزبووەتەوە ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كالاو شمەك، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا هەندێك لەبازرگانەكان ئەم دۆخەیان لەبەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە و بابەتەكەیان زۆر لەقەبارەی خۆی گەورەتر كردووە، بەتایبەت هەندێك لەو كاڵاو خۆراكانەی ئێستا نرخەكانیان بەرزكراوەتەوە كاتێك هاوردەكراون دۆلار بەو شێوەیە بەرز نەبووبوویەوە، بۆیە لایەنی چاودێری لە شاری هەولێر زۆر كەمتەرخەمن و ناتوانن چاودێری بازاڕ بكەن.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ SNN جەختی لەوەكردەوە، ئێمە تێدەگەین كە بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری خۆی هەبووە لە بەرز بوونەوەی نرخی كاڵاو شەمەك بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی ئێمە بازاڕ بۆ دوكاندار و بازرگانان جێبهێلین و بەئارەزووی خۆیان نرخ دابنێن، بەڵكوو لیژنەكانمان بەردەوام چاودێری بازاڕدەكەن و بەگوێرەی بەرز بوونەوەی نرخی دۆلار ئەو كاڵاو شمەكانەش بەرز بوونەتەوە كە ڕۆژانە هاووڵاتیان پێویستیان پێیەتی.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this