وردەكاری نەمانی دەفتەری پاسپۆرت و وادەی دەستپێكردنەوەی مامەڵەكان لە SNNەوە بزانە

0
875

SNN-عەلی حەمە سەعید

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان مامەڵەی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت راگیراوە، ئەوەش بەهۆی نەمانی دەفتەری پاسپۆرتەوەیە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانیش وردەكاری هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو كێشەیە و ئەگەرەكانی چارەسەركردنی دەخاتەڕوو.

عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی بە SNNی راگەیاند، “لە سەرەتای ساڵی نوێوە گرفتی كەمی دەفتەری پاسپۆرت لەبەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگاكان سەریهەڵداوە و تا ئەو رادەیەی لە هەفتەی رابردوو بەتەواوی دەفتەری پاسپۆرت لە بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بوونی نەما و لە ئێستادا لە تەواوی عێراق زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی مامەڵەی نوێكردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرتیان تەواوكردووە و هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانیش زیاد لە 20 هەزار مامەڵە تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە مامەڵەكانیان راگیراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو گرفتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشتر حكومەتی عیراقی گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی واژوو كردبوو بۆ چاپكردنی دەفتەری پاسپۆرت، بەڵام دواتر حكومەتی عێراق بۆ خۆی كارگەكەی كڕیوە و هێنایە بەغدا، بەڵام دوای ماوەیەك لە كاركردن رووبەڕووی چەندین كێشە بوویەوە و ئێستا دەفتەرەكە پێویستی بە كاغەزی تایبەت و هەندێكی هێمای ئەمنی و ئەشیعەی تایبەتە ئەوەش پێویستی بە تەرخانكردنی بودجە هەیە”.

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەبێت حكومەتی عێراق گرێبەستێك لەگەڵ ئەڵمانیا واژووبكاتەوە بۆ كڕینی ملیۆنێك و 500 هەزار دەفتەری پاسپۆرت، چونكە 300 هەزار پاسپۆرت مامەڵەكانیان تەواو بووە و هاوكات كۆگاكانیش هیچ دەفتەرێكی پاسپۆرتیان تیادا نەماوە”.

 

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this